سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا

فۆتۆ: 
2020-07-17

60674 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، ئامانجی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکات و دەشڵێت، "بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و لەبارەی پرسی موچەی فەرمانبەرانەوە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بکات."

فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا رایگەیاند، "حکومەتی فیدڕاڵ هاوشێوەی فەرمانبەرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەرامبەر فەرمانبەرانی هەرێم بەرپرسیارە و پێویستە موچەکانیان بنێرێت، بڕیاریشە بەم نزیکانە شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات و لەبارەی پرسی موچەی فەرمانبەرانەوە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش دوو جۆر دانوستانمان ئەنجامداوە و گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی کێشەکان لەگەڵ کازمی، پێویستی بە ئیرادەیەکی راستەقینە هەیە."

جەختی لەوەشكردەوە، "پرسی نەوت یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرسەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە زوو زوو دەبێتە جێی مشتومڕ، لە سەرەتاوە حکومەتی هەرێم هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوە نەبووە کە حکومەتی فیدڕاڵ سەرپەرشتی هەناردەکردنی نەوت بکات، بەڵام پێویستە لەسەر ئەم بابەتە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، دەبێت هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی فیدڕاڵدا بێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە دوایین سەردانی شاندی حکومەت بۆ بەغدا هەموو زانیارییەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت بەشێوەیەکی شەفاف رادەستی حکومەتی بەغدا کراوە، بەڵام هەندێکجار بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوت پێداگرییەکی زۆر لەسەر ناوەندی بوون دەکات، لە کاتێکدا بەپێی ئەو دەستورەی کە ٪٨٥ی گەلی عێراق دەنگیان پێداوە عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییە نەک ناوەندی."

باسی لەوەشکرد، "سەرقاڵبوونی هەریەکە لە حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەلی ئەوەی پێنەداوین لەسەر زۆر بابەت بگەینە رێککەوتنی کۆتایی، هیوادارم لە ٢٠٢٠ و قۆناغی دواتردا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە سەقامگیری بمێنێتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو، "کازمی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و تەواوی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق پەیوەندییەکی باشی هەیە و خاوەنی تێڕوانینێکی نیشتیمانییە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی مستەفا کازمی سەرەتای قۆناغی وەستاندنەوەی لە دژی سەدام حوسێن لە شاری دهۆک بووە، لە هەموو رەهەندەکانەوە ئاگاداری پرسی کوردە لە عێراق، کە ئەمەش بۆ ئێمە مایەی ئومێدە هەربۆیە لە قۆناغی کاندیدکردنی و پێکهێنانی حکومەتدا پشتیوانی کازمیمان کردووە".

لەبارەی دەروازە سنورییەکانیشەوە روونیکردەوە، "دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمدان و لە گومرگ و بەشی کۆنتڕۆڵی پاسپۆڕتی فڕۆکەخانەکان کارمەندی سەر بە حکومەتی فیدڕاڵی هەن، ئەم سیستمەش بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەدەچێت و لەبارەی رادەستکردنی دەروازە سنورییەکان و داهاتەکانیان بە حکومەتی بەغدا دانوستان هەیە".

لەبارەی رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان و ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە باسی لەوەکرد، "تا ئێستا مەترسی داعش لەسەر عێراق کۆتایی نەهاتووە، رێکخراوەکە دووبارە دەستی بە خۆڕێکخستنەوە کردووەتەوە و شانە نووستووەکانی چالاک بوون و رۆژانە کردەی چەکداری ئەنجامدەدەن، بۆیە رەوشی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان باش نییە و پێمان وانییە بەڕێوەبردنی تاکلایەنەی ناوچە جێناکۆکەکان و پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە تەنها لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە کارێکی سەرکەوتوو بێت، دانوستانەکان لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و بەشداریکردنی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەردەوامن بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی."