سەردێڕ:

عێراق وادەی ئاساییکردنەوەی ژیانی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-16

70949 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی باڵای بەرەنگاری کۆرۆنای عێراق رایگەیاند، بڕیاریداوە لە دوای جەژنی قوربان و بە مەرجی تەندروستییەوە، هەموو رێکارەکانی دژ بە کۆرۆنا ئاساییبکاتەوە.

لیژنەی باڵای بەرەنگاری کۆرۆنای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە ئاساییکردنەوەی ژیان لەدوای جەژنی قوربان، هاوکات، لە ئەمڕۆوە کاتی قەدەغەی هاتوچۆ لە ٩ی شەوەوە تاوەکو ٦ی بەیانی کەمدەکرێتەوە.

راشیگەیاند، بە مەرجی تەندروستی و خۆپارێزییەوە، لەمەودوا هەموو مۆڵەکان و ئەو شوێنانەی پێویستی هاوڵاتیانن دەکرێنەوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆیدا، لیژنەی باڵای بەرەنگاری کۆرۆنای عێراق بڕیاریدا، سەرجەم فڕۆکەخانەکان، بە فڕۆکەخانەکانی هەرێمیشەوە، لە رۆژی ٢٣ی ئەم مانگەدا بکرێنەوە.

لە مانگی ئازاری رابردووەوە، عێراق لیژنەی باڵای بۆ راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینکردن و دەرکردنی بڕیارە تەندروستیی و ئەمنییەکان پێکهێنا و لەوکاتەوە، هیچ کاتێک رێکارەکان بە تەواوی ئاسایی نەکراونەتەوە.