سەردێڕ:

زانایان تەمەنی راستەقینەی گەردوون ئاشکرادەکەن

فۆتۆ: 
2020-07-16

21026 جار خوێندراوەتەوە

لە توێژینەوەیەکی نوێدا، زانایانی گەردوونناسی لە رێگەی پێوانی "کۆنترین رووناکی" ئاسمانەوە گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە تەمەنی گەردوون بریتییە لە ١٣ ملیار و ٧٧٠ ملیۆن ساڵ.

ژمارەیەک زانای گەردوونناسی نێودەوڵەتی لە توێژینەوەیەکدا، کە لە رێگەی تەلەسکۆبی ئەتاکاما لە چیلی ئەنجامیانداوە، باس لەوەدەکەن، توێژینەوەکانی پێشتر بۆ دیاریکردنی گەردوون ورد نەبوون و ئەنجامە بەدەستهاتووەکەی ئەوان نزیکترە لە تەمەنی راستەقینەی گەردوونەوە.

راشیانگەیاندووە، پێشتر ١٣ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن یان کەمێک زیاتر وەکو تەمەنی راستەقینەوەی گەردوون دانراوە، بەڵام لە راستیدا، تەمەنی گەردوون لەوە کەمترە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە رێگەی بەکارهێنانی چەند میتۆدێکی زانستی نوێوە، توانیویانە بگەن بەو ئەنجامەی تەمەنی گەردوون زیاتر لە ٣٠ ملیۆن ساڵ کەمترە لەو تەمەنەی پێشتر بۆ گەردوون دیاریکرابوو.

بەگوێرەی توێژینەوەی گەردوونناسان، تەمەنی گەردوون زیاترە لە ١٣ ملیار نیو و کەمترە لە ١٤ ملیار ساڵ. هاوکات، تەمەنی زەویش بەو شێوەیەی کە ئامادەی ژیان بووبێت، بریتییە لە چوار ملیار و ٦٠٠ ملیۆن ساڵ بە پێوانەی ساڵی مرۆڤایەتی.