سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستیی عێراق زانیاری نوێی لەبارەی چارەسەری کۆرۆنا ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-07-16

12540 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، رێژەیەکی زۆر لە دەرمانی ئەکتیمرا بۆ چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای گشتی بازاڕکردنی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان گەیشتنی رێژەیەکی زۆر لە دەرمانی ئەکتیمرای لەلایەن ناوەندە تەندروستییە جیهانییەکانەوە راگەیاندووە.

راشیگەیاند، دەستکراوە بە دابەشکردنی دەرمانەکە بەسەر بنکە تەندروستییەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەمەبەستی چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەپێی رێنمایی کەسانی شارەزا بۆ هەر حاڵەتێکی تۆمارکراو.

لەلایەکی دیکەوە حازم جومەیلی بریکاری وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، "وەزارەت دەستیکردووە بە تاووتوێکردن لەبارەی ڤاکسینەکە"، دڵنیاشیکردەوە، "تاقیکردنەوەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و لەگەڵ تەواوبوونی راستەوخۆ دابەشدەکرێت."

ئەوەشی خستەڕوو، "رێکخراوی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی دابینکردنی ڤاکسینەکە دەکات و بەپێی پێویستی و رادەی مەترسییەکان، تەمەن و ژمارەی دانیشتوان دابەشیدەکات"، دەشڵێت، "تێچووی ڤاکسینەکە دابینکراوە تاوەکو بگات بە هەموو دەوڵەتانی جیهان".

پێشتریش حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق، باسی لە رێککەوتن کرد لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینیکا بۆ دابینکردنی رێژەیەک لە ڤاکسینی کۆرۆنا بەتایبەت بۆ عێراق.