سەردێڕ:

وردەکاریی سەردانەکانی کازمی بۆ ئەمریکا و ئێران و سعودیە ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-16

15367 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق خشتەی کاری سەردانەکانی ئەم مانگەی مستەفا کازمی بۆ واشنتۆن و تاران و ریاز ئاشکراکرد و تێیدا ئاماژەی بە گرنگی ئەم سەردانانە کرد لەپێناو کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ لە عێراق.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق رایگەیاند، "کازمی لەمیانی سەردانەکانیدا بۆ ئەمریکا و ئێران و سعودیە، بەدوای رێگایەک بۆ نزیکبوونەوەی تێڕوانینی نێوان واشنتۆن و تاران دەگەڕێت، هاوکات، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێی نێوان تاران و ریاز، وەک چۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە بۆ دورخستنەوەی عێراق لە پشێوییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە دەگەڕێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "کازمی کاردەکات بۆ گەیشتن بە قۆناغێک تێیدا مەترسی پشێوییەکانی نێوان ئەو وڵاتانە لە عێراق دووربکەوێتەوە لانیکەم لەماوەی سەرۆکایەتیەکەی لەناو حکومەت."

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەم سەردانیکردنانە جەخت لە رۆڵی ئەو وڵاتانە دەکاتەوە لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ لە عێراق و  ناوچەکە"، دەشڵێت، "گرنگترین سەردانیکردن بۆ واشنتۆن دەبێت لەپێناو تەواوکردنی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵاتەکە."

مانگی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی تەمموزدا سەردانی ئەمریکا و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکە دەکات.