سەردێڕ:

لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە روونکردنەوە دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-07-15

18218 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق رایگەیاند، دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لەدەست لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی دایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق رایگەیاند، "لە چەند رۆژی داهاتوودا، رێوشوێنەكانی تایبەت بە خۆپارێزیی لە سەرجەم فڕۆكەخانەكان تەواو دەكرێن، بەڵام دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان لەدەست لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی دایە."

لەوبارەیەوە جیهاد کازم وتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، "لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی ژمارەیەك رێنمایی و نیشانەی بۆ دوورە پەرێزیی لە نێوان گەشتیاراندا داناوە، كە دەبێت لە فڕۆكەخانەكاندا پەیڕەوبكرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ فڕۆكەوانی مەدەنی بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی و یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی ئاسمانی ژمارەیەك راسپاردەی بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی تەندروستیی و خۆپارێزیی لە میانی گەشتە ئاسمانییەكاندا دەركردووە."

ئەوەشی خستەڕوو، "دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق داوای لە سەرجەم فڕۆكەخانەكان كردووە كە پابەندبن بە راسپاردەكانی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ فڕۆكەوانی مەدەنی".

لە مانگی ئاداری رابردووە، گەشتە ئاسمانییەكان لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی عێراق بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەڵپەسێردراون.