سەردێڕ:

کازمی: پشتبەستن بە نەوت ئەزموونێکی شکستخواردووە

فۆتۆ: 
2020-07-14

13003 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پشتبەستن بە نەوت ئەزموونێکی شکستخواردووە، دەشڵێت، "پلانمان هەیە بۆ دەربازبوون لە بەندایەتیکردنی نەوت."

ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران بە میدیای فەڕمی عێراقی راگەیاند، جگە لەوەی پشتبەستن بە نەوت ئەزمونێکی شکستخواردوو بووە، هاوکات، حکومەتیشی خستووەتە بەردەم شەرمەزارییەکی هەمیشەییەوە.

راشیگەیاند، "قەیرانی دارایی پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردنی وڵات و پشتبەستنی تەواو بە نەوتەوە هەبووە بەجۆرێک داهاتی عێراق ٩٥% پشتی بەو کەرتە بەستووە و ئێستا کاتی ڕۆڵ بینینی کشتوکاڵ و هەستاندنەوەی ئەو کەرتەیە."

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان هەیە وڵات لە بەندایەتیکردنی کەرتی نەوت دەربازبکەن و لەجیاتیدا، کەرتەکانی دیکە ببوژێننەوە.

باسی لەوەشکرد، بۆ ساڵانێکی درێژە کۆمەڵێک وەبەرهێنەر دەستیان بەسەر پڕۆژەکانی وڵاتدا گرتووە و لای خۆیانەوە هەر وەبەرهێنەرێک گەندەڵی لەسەربێت، ئەوا مۆڵەتی ئیشکردنی لێوەردەگرنەوە.

ئەوەشی ووت، کە حکومەت ئەرکی پشتیوانی و پاراستنی وەبەرهێنەری ڕاستەقینە دەگرێتە ئەستۆ و ئەوانەشی ماف و پارەی خەڵکیان خواردووە، مۆڵەتیان لێوەردەگیرێتەوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە میانی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەهۆی پشتبەستن بە کەرتی نەوتەوە بە تەنیا و نزمبوونەوەی نرخەکەی، ١١ ملیار دۆلار زیان بەر داهاتی وڵات کەوتووە.