سەردێڕ:

لە عێراق نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان كەمدەكرێتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-14

14672 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بۆ دوو مانگ سوتەمەنی بێ بەرامبەر بەسەر مۆلیدە ئەهلییەكاندا دابەشبكرێت، بەو مەرجەی خاوەن مولیدە ئەهلییەكان نرخی كارەبا كەم بكەنەوە.

سادق حەمید حەسەن ئەندامی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ دوو مانگ سوتەمەنی بێ بەرامبەر بەسەر مۆلیدە ئەهلییەكاندا دابەشدەكرێت و لە بەرامبەردا، خاوەن مۆلیدەکان نرخی كارەبا كەم دەكەنەوە"، دەشڵێت، "لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا، دووبارە چاو بە نرخی كرێی كارەبای مولیدە ئەهلییەكاندا دەخشێندرێتەوە، بەتایبەتیش كە ئێستا وڵات بە رەوشێكی خراپی ئابوریدا تێپەڕدەبێت و كاریگەریی لەسەر هاوڵاتیان دروستكردووە".

باسی لەوەشکرد، "ئامانج لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، كەمكردنەوەی فشاری ئابورییە لەسەر هاوڵاتیان و لە هەر پارێزگایەك لیژنەیەك پێكدەهێندرێت بۆ ئەوەی چاودێری كەمكردنەوەی نرخی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بكرێت".

دوێنێ‌ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بڕیاریدا، سەرجەم پرۆژە لەكاركەوتووەكانی كارەبا بخرێنەوەكار و بێ بەرامبەر بۆ دوو مانگ سوتەمەنی بەسەر مۆلیدە ئەهلییەكاندا دابەشبكرێت.