سەردێڕ:

کازمی پلانی نوێی کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەروازە سنورییەکان ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-13

25318 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا كازمی رایگەیاند، پلانێكی باشیان بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تێیاندا ئامادەكردووە، دەشڵێت، "هێزە ئەمنییەكان لە دەرەوازە سنورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەرەوازە سنورییەكان."

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی مستەفا كازمی هێزە ئەمنییەكان لە دەروازە سنورییەكاندا خراونەتە ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرانی دەروازە سنورییەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا، داهاتی ئەو دەروازانە بەهەدەر نەدرێت و بگەڕێتەوە گەنجینەی وڵات."

هاوکات، مستەفا كازمی رایگەیاندووە، پلانێكی باشیان داناوە بۆ ئەوەی سەرجەم دەروازە سنورییەكانی وشكانیی و دەریایی بخرێنە ژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتەوە و داواشی لە هەموو لایەك كردووە كە هاوكاری بکەن لە سەرخستنی پلانەكەی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، مستەفا كازمی هەوڵدەدات بە كۆنترۆڵكردنی سەرجەم دەروازە سنورییەكان چەند ئامانجێك بپێكێت لەوانە، دوورخستنەوەی گروپە چەكدارەكانی شیعە لە دەروازە سنورییەكان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی، گەڕانەوەی داهاتی دەروازە سنورییەكان بۆ گەنجینەی دەوڵەت و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی كە لەئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا روبەڕوی عێراق بووەتەوە.

بۆ چەندین جارە مستەفا كازمی رایدەگەیەنێت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە دامەزراوەكانی وڵاتدا، هیچ كەمتر نییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە پێویستە لە سەرجەم دامەزراوەكاندا كار بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بكرێت، چونكە ئەوە یەكێكە لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەر.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، بەهۆی بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنورییەكاندا، ساڵانە شەش تا هەشت ملیار دۆلار زیان بەر عێراق دەکەوێت.

ژمارەی دەروازە سنورییەكانی عێراق ٢٢ دەروازەیە، لەنێویاندا زرباتییە، شەلامچە، مونزرییە و شیب لەگەڵ ئێران، سەفوان لەگەڵ كوەیت، تربێل لەگەڵ ئوردن، وەلید لەگەڵ سوریا، عەرعەر و عەرعەری نوێ لەگەڵ سعودیە.

بوونی گەندەڵیی لە دەروازە سنورییەكانی عێراق یەكێكە لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی كە هەوڵدراوە لە خولی پێشوو و ئێستای پەرلەمان یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دۆسیەیە یەكلایی نەكراوەتەوە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی دەروازە سنورییەكان لە پارێزگاكانی باشوری عێراق لەلایەن گروپە چەكدارەكانی شیعەوە كۆنترۆڵ كراون.