سەردێڕ:

هەشت چەکداری داعش لە عێراق کوژران

فۆتۆ: 
2020-07-13

2183 جار خوێندراوەتەوە

حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە رۆژی دووەمی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراقدا، هەشت چەکداری داعش کوژراون و هەشت حەشارگەش خاپورکراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، جەودەت عەساف وتەبێژی میحوەری باشوری پارێزگای دیالەی چەکدارانی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هەشت چەکداری داعش كوژراون و هەشت حەشارگەش خاپوركراون و سەربازگەی عائیشەش، كە شوێنی راهێنانی چەکدارانی ئەو گروپە بوو لە ناوچەكە، خاپوركراوە.

باسی لەوەشکرد، ئەوە یەكەمجارە هێزە ئەمنیەكان دەگەنە ئەو ناوچانەی كە لە رابردوودا تەنیا هێزەكانی ئەمریكا بۆی رۆیشتوون.

ئەوەشی خستەڕوو، لە میانی ئۆپەراسیۆنەكاندا، هێزەكانیان دەستیان بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنی و ئۆتۆمبێل و كەرەستەی سەربازییدا گرتووە.

ڕۆژی شەممەی رابردوو، قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی چەکدارانی داعش لە چوار میحوەری سنوری پارێزگای دیالە دەستیپێکرد.

لە ماوەكانی رابردووداشدا قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، رۆژئاوای دیالە و باشوری رۆژئاوای كەركوك ئەنجامدرابوون.