سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە بەغدا بە پێڵاو و بەرد رێگری لە خۆپیشاندانی بندیوارەکان کرا

فۆتۆ: 
2020-07-12

24751 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دژ بە کەمکردنەوە و بڕینی موچەکانیان، بەشێک لەو کەسانەی بە بندیوارەکانی عێراق ناسراون ویستیان خۆپیشاندان بکەن، بەڵام لەلایەن خەڵک و هێزە ئەمنییەکانەوە بە پێڵاو و بەرد وەڵامدرانەوە.

ئومێد محەمەد، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی بەغداش دژ بە خۆپیشاندانی بندیوارەکان وەستاونەتەوە و بە پێڵاو و بەرد وەڵامیانداونەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، خەڵکێکی زۆر هێرشیکردووەتە سەریان.

راشیگەیاند، ئەو کەسانە بە کۆمەڵەی رەفحا ناسراون و لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا وەکو ئۆپۆسزیۆنی رژێمی پێشووی عێراق لە کەمپێکی سعودیەدا نیشتەجێبوون.

باسی لەوەشکرد، لە پاش رووخانی رژێمەکەی سەدام حسێن و گەڕانەوەی کۆمەڵەی رەفحا، نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بڕیارێکی دەرکرد کە هەر سەرۆک خێزانێکی کۆمەڵەکە بڕی دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار موچەی مانگانەی بۆ دابینبکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، کە بە بڕیاری حکومەت، لە ساڵی ٢٠٠٦دا، هەر سەرۆک خێزانێک زەوییەکی لە پارێزگاکەی خۆی لەسەر تاپۆ کرا و بڕی ٤٠ ملیۆن دیناریشی پێدرا تاوەکو خانوی لەسەر دروستبکات. هاوکات، کۆمەڵێک ئیمتیازی دیکەیان پێدرا کە خۆی لە زەمالەی خوێندن بۆ منداڵەکانیان و دڵنیایی تەندروستیی بۆ خێزانەکانیان دەبینییەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەگوێرەی میدیاکانی عێراق، ئەم خێزانانە لە ئێستادا زۆربەیان لە دەرەوەی وڵات دەژین و موچەکەشیان وەردەگرن.

لە ماوەی رابردوودا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق موچەی کۆمەڵەی رەفحای بۆ یەک ملیۆن دیناری مانگانە کەمکردەوە و بە تەنیا بەوانەش دەدرێت کە دانیشتووی وڵاتی خۆیانن و بڕیارەکە لەم مانگەوە جێبەجێدەکرێت.

هاوکات، مستەفا کازمی ھەموو ئیمتیازاتەکانی دیکەی لابرد و جگە لەو موچەیە ھیچ ئمتیازاتیکی دیکە نایانگرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی مستەفا کازمیش بێت، بە نزیکەیی ٨٠٪‏ لە موچەخۆرانی ڕەفحا بێبەشبوون لە ھیچ بڕە پارەیەک و بەمەش مانگانە دەیان ملیون دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.