سەردێڕ:

ئەنجامەكانی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-11

7346 جار خوێندراوەتەوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، لە قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق، سێ چەکداری داعش كوژران و ١٥ حەشارگەش لەو ناوچانە خاپووركران.

ئەمڕۆ شەممە، شانەی ئەمنی سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میانی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق كە بەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بەئامانجی راوەدوونانی چەکدارانی داعش لە ناوچەكانی سنوری پارێزگای دیالە ئەنجام دەدرێت، سێ چەکدار كوژران و ١٥ حەشارگەش لەو ناوچانە خاپووركران.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، یەك داواكراو دەستگیركراوە و ژمارەیەك بۆمب و گولـلە هاوەن لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە پووچەڵكراونەتەوە، جگە لەوەش دەستبەسەر سێ ماتۆرسكیلدا گیراوە و پشكنین و پاكسازكردن بۆ ٢٧ گوند لە پارێزگای دیالە ئەنجامدراوە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق بە ئامانجی راوەدوونانی چەکدارانی داعش لە چوار میحوەری سنوری پارێزگای دیالە دەستیپێكرا كە هێزەكانی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی تیایدا بەشداری دەكەن.

ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، پشكنین و پاكسازكردنی روبەری ١٧ هەزار و ٦٨٥ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە لە ناوچەكانی سنوری پارێزگای دیالە و راوەدوونانی چەکدارانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەو ناوچانە پتەوتر بێت.

لە ماوەكانی رابردووداشدا قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەكانی عێراق لە رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، رۆژئاوای دیالە و باشوری رۆژئاوای كەركوك ئەنجامدرابوون.