سەردێڕ:

بەهۆی فەیسبووکەوە چەند ئەپێکی تر توشی کێشە بوون و لە کارکەوتن

فۆتۆ: 
2020-07-10

5119 جار خوێندراوەتەوە

بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهانەوە گومانیان لا دروست بوو لەدوای ئەوەی بەشێک لە بەرنامەکانی سیستمی ئای ئۆ ئێس لەوانەش، سپۆتیفای، پینترێست و تێندەر لەناکاو وەستان.

راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی ئەوەی خستەڕوو، "هۆکاری داخرانی لەناکاوی ئەو بەرنامانە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی کێشەی سۆفتوێر لەناو بەرنامەی فەیسبووک."

هاوکات، ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای فەیسبووک رایگەیاند، "ئێمە ئاگاداری ئەم کێشەیەین و لە کێشەکانی سۆفتوێری بەرنامەکە دەکۆڵینەوە."

ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆمپانیای فەیسبووک روبەڕوی ئەم جۆرە کێشانە دەبێتەوە، لە مانگی ئایاری رابردووشدا هەمان کێشە لەلای هەندێک لە بەکارهێنەرانی سیستمی ئای ئۆ ئێس روویدا.

لەمبارەیەشەوە، کۆمەڵێک پرۆگرامەر چارەسەرێکی کاتییان بۆ ئەم کێشەیە پێشنیازکرد، تاوەکو ئەو کاتەی فەیسبووک چارەسەرێکی نوێ بۆ کێشەکە دەهێنێتەئاراوە.

تۆم وارن رۆژنامەنوسی تایبەت بە بواری تەکنەلۆجیا رایگەیاند، "دەتوانین لەڕێگای کارپێکردنی ئایکۆنی "Flight feature" یاخود کوژاندنەوەی وای فای لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایلەکەدا بۆ ماوەیەکی کاتی کێشەکە چارەسەربکەین، ئەگەرنا کێشەکە دووبارە بە کارپێکردنەوەی ئینتەرنێت دروست دەبێتەوە."