سەردێڕ:

وردەکاریی نوێ لەسەر کوشتنی هیشام هاشمی ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-09

16654 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی خەڵک بۆ گۆڕان و گەشەپێدان لە عێراق رایگەیاند، کوژرانی هیشام هاشمی چاودێری سیاسی و پسپۆڕی ئەمنی، دوای ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە دێت کە تێیدا رەخنەی لە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی گرت، هاوکات، گلەیی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراق کرد لەبەرامبەر کەمتەرخەمی لێپرسینەوە لە بکوژان.

لەیس شەبەر سەرۆکی جوڵانەوەی خەڵک بۆ گۆڕان و گەشەپێدان لە عێراق رایگەیاند، "هاشمی هەرگیز توندڕەو نەبووە، تەنانەت لە کاتی شرۆڤەکاریشدا هەوڵی دەدا یارمەتیدەر و هاندەری بنیادنانی دەوڵەتێکی شارستانی راستەقینە بێت، زۆریش باوەڕی بە دیموکراسیەت هەبوو لە عێراق، ئەو دیموکراسیەی کە ئێمە بە هەڵە لێکیدەدەینەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "توشی رامان بووین لەو لایەنەی کە هاشمی کوشت، لەکاتێکدا ئەو لایەنە گەماڕۆی وڵاتەکەی داوە و خاوەنی چەندین گرێبەست و نوسینگەی ئابورییە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق"، دەشپرسێت، "کاریگەری هاشمی چییە لەسەر ئەو لایەنە تا بەو شێوەیە بیکوژێت؟"

دەشڵێت، "بەرپرسیارێتی کوژرانی هاشمی و ئەو کەسانەی پێش ئەو کوژراون و دوای ئەو دەکوژرێن لە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراقدایە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "عەبدولمەهدی کاتی سەرۆکایەتییەکەی تاوەکو دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیشی هیچ بکوژێکی رادەست نەکردووە، کە ئەمەش وای کرد هیچ کام لەو بکوژانە دەستگیر نەکرێن و کەس دەسەڵاتی بەسەریاندا نەشکێت، وتیشی، "بەشێک لەو بکوژانە تاوانبارن بە کاری تیرۆرستی کەچی کەس ناتوانێ لە دژیان بوەستێتەوە، عەبدولمەهدی ئازادییەکی تەواوی دا بە دەستگیرنەکردنی ئەو کەسانە و تەنانەت ئاشکرانەکردنی ناویشیان."

هاوکات، بوونی لیستی ئەو کەسانەی ئاشکراکرد کە لەدوای هاشمی لەکار لادەبرێن، وتیشی، "هەموو ئەو کەسانە لەژێر چاودێری عەبدولمەهدیدان."

باسی لەوەشکرد، "کازمی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق دوو هەڵبژاردەی لەبەردەمدایە، یان ئەوەتا لەسەر ئەو ڕێگایەی کە پێشتر لەسەری ڕۆیشتووە دەڕوات و دواتر ئابڕوچوون دەهێنێتەئاراوە، یان ئەوەتا دەیسەلمێنێت کە بە ڕاستی سەرۆکوەزیرانە و ئەو پەیمانانەی لەسەر کوژرانی هاشمی لە راگەیەندراوەکەدا داویەتی دەیباتەسەر، بەمەش حکومەتی نوێ تەنیا حکومەتی وتار نابێت بەڵکو حکومەتی کرداریش دەبێت"، دەشڵێت، "پێویستە لەسەر لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی هاشمی، بکوژەکە ئاشکرا بکەن ئەگەر سەر بە هەر لایەنێک بێت." ئەوەشی خستەڕوو، "خوێنی هاشمی ئەوە دیاریدەکات، یان ئەوەتا بەرەو بێ دەوڵەتی دەڕۆین یان ئەوەتا شکۆ بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە."

راشیگەیاند، "ئەوەی کە هاشمی کوشت ئەو راپۆرتانە بوو کە لەبارەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە بڵاویکردەوە و لە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانیش هەیە، کە داوای چاکسازی راستەقینەی لەناو دەسەڵاتی حەشدی شەعبی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە."

باسی لەوەشکرد، "ئەو رەخنانەی هاشمی لەبارەی سەرکردەکانی حەشدی شەعبیەوە گرتی بووەهۆی کوژرانی، ئەو راپۆرتەی کە ئامادەی کردبوو تێیدا ژمارەی راستی هاوپەیمانان و لایەنگرانی مەرجەعیە لەنێوانیاندا سائیرون و چەند لایەنێکی سونەی دیکە لەخۆدەگرێت."

ئێواره‌ى دووشه‌ممه‌ى رابردوو، چه‌ند چه‌كدارێكى نه‌ناسراو هیشام هاشمى شاره‌زاى بواری ئه‌منى و سترایژییان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ى خۆى له‌ناوچه‌ى زه‌یونه‌ له ‌ناوه‌ڕاستى به‌غدا کوشت.

هیشام هاشمی، لە بەشێک لە نوسینەکانى  ئەمدواییەدا رەخنەى لە دابەشبونەکان و گەندەڵی گرتووە، کە سیستمى سیاسی عێراق پێوەى دەناڵێنێت و باسیشی لە شکستی هێرشە موشەکییەکانی میلیشیەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کردووە، کە ئاڕاستەی ناوچەی سەوزیان دەکرد.