سەردێڕ:

بەرپرسێکی باڵای عێراق: دەستنوێژ و غەرغەرە چارەسەرى کۆرۆنان

فۆتۆ: 
2020-07-08

5320 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مۆفەق روبەیعی وەکو سکرتێرى لیژنەى باڵاى تەندروستى وڵاتەکە دەستنیشانکرد، بەهۆی پۆستێکی فەیسبووکەوە کە تێێدا (دەستنوێژ و غەرغەرە)ی وەکو چارەسەری کۆرۆنا باسکردبوو، روبەڕوی رەخنەیەکی زۆر بووەوە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، مۆفەق روبەیعی لە پۆستێکی فەیسبوکیدا لە روانگەی ئاینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەوە باسی لەوەکردووە کە مادام مسوڵمانان رۆژانە بە لایەنی کەمەوە پێنج جار دەستنوێژ هەڵدەگرن و غەرغەرە دەکەن، ئەوا لە توشبوون بە کۆرۆنا دووردەبن.

مۆفەق روبەیعی باسی لەوەشکردبوو، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆر بە کەمی دەتوانێت ئیمانداران توشبکات یاخود بکوژێت.

هاوکات، لە دوای دەستبەکاربوونی مۆفەق روبەیعی، وەکو سکرتێری لیژنەى باڵاى تەندروستى عێراق، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەوە و ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە چۆن دەبێت سکرتێری لیژنەى باڵاى تەندروستى پێیوابێت کەسانێک بە تەنیا لەبەرئەوەی بڕوایان بە ئایین هەیە، لە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەلامەت دەبن.

مۆفەق روبەیعی، پزیشکی دەمارە و بڕوانامەی لە کۆلێژی شاهانەی بەریتانیا بەدەستهێناوە. هاوکات، لە سەردەمی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقدا، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بووە.