سەردێڕ:

کوشتنی هیشام هاشمی کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-07

16044 جار خوێندراوەتەوە

تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق شاره‌زا و توێژه‌ری بواری هزری توندڕه‌وی و گرووپه‌ چەکدارەکان، بە پەیامێک بۆ مستەفا کازمی لێدەدرێتەوە بۆ ئەوەی بەرامبەر کاری هەندێک گروپی چەکداری عێراق بێدەنگبێت، جگە لەمەش کاردانەوەی جیاجیای لێکەوتەوە.

به‌ گوێره‌ی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە بەکامێرای چاودێری تۆمارکراوە، چەند چەکدارێک  به‌ دوو ماتۆڕسكیل ته‌قه‌یان له‌ هاشمی كردووه‌ له‌ ناوچه‌ی زه‌یونه‌ و به‌ سه‌ختی پێكاویانه‌ و دوای گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن نه‌فیسی به‌غدا به‌ هۆی سه‌ختی برینه‌كانییه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوای تیرۆرکردنی هیشام هاشمی، فەرماندەی فیرقەی یەکی پۆلیسی فیدراڵ و بەرپرسی بەشی رەسافەی دوورخستەوە، کە تیرۆرکردنەکەی تێدا ئەنجامدرا.

دەستبەجێ جینەین بیلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتۆەکان لە عێراق و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بەریتانیا لە بەغدا ئیدانەی تیرۆرکردنى هاشمیان کرد و ڕایانگەیاند کە تووشی شۆک و دڵگرانیـیەکی زۆری کردون.

هاشمی لەهەندێک لە نوسینەکانى  ئەمدوایەی، رەخنەى لە دابەشبوونەکان و گەندەڵى گرتووە کە سیستمى سیاسی عێراق پێوەى دەناڵێنێت و باسیشی لە شکستی هێرشە موشەکییەکانی میلیشیەکانی سەر بەحەشدی شەعبی کردووە کە ئاڕاستەی ناوچەی سەوزیان دەکرد.

هاشمى، دوای سەر هەڵدانى گروپە توندڕەوەکان لە عێراق وەک شارەزایەکى کاروبارى داعش و گروپە کانى تر دەرکەوت، و هاوکارى هەواڵگیری و ئەمنی هێزە عێراقیەکان و هاوپەیمانانىشی کردووە لەکاتى شەڕى دژى داعش.

بەشێک لە چاودێرانیش پێیانوایه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی له‌باره‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بوونه‌ته‌ هۆی تیرۆركردنی.

سەبارەت بەو لایەنەشی کە تێوەگلاوە بە ئەنجامدانى ئەو هێرشه، غەیس تەمیمی کە چاودێرێکی سیاسیە، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکرد، کەوا هیشام هاشمى، پێش تیرۆرکردنى لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵاى سەر بە ئێران هەڕەشەى کوشتنى لێکراوە. و کەسە نزیکەکانى ئامۆژگاریان کردووە بچێتە هەرێمی کوردستان.

بەشێک لە چاودێران دەڵێن، بە تیرۆرکردنی هاشمی لە لایەن میلیشیا شیەعەکانى سەر بە ئێران، دوو پەیامیان هەیە، یەکەم، وەڵامێکه بۆ کازمى، کە توانییانە دەستیان بگاتە یەکێک لە نزیکترین کەسەکانى سەرۆک وەزیران، کە ئەویش ئەگەری کوشتنی هەیه لە هەر کات و ساتێکدا بێت، ئەمەش پاش دەستگیرکردنى چەند چەکدارێکی حیزبوڵا هات لە ڕۆژانی ڕابردوودا.

وەک چاودێران باسی دەکەن پەیامی دووەمیش بریتیە لە ملکەچی و بێدەنگی کازمی بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ئەو گروپە لەبەرامبەر ترس لەژیانی خۆیان، یان دەبێت کازمى بەرپەرچیان بداتەوە و ژیانی مان و نەمان هەڵبژێرێت.