سەردێڕ:

هۆکاری سەرەکی ڕێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-07

62895 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، خاڵە سنورییەکان یەکێکە لە گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانی هەرێم و بەغدا، دەشڵێت، "پێمان وایە ئەو شاندەی دەگەڕێنەوە بەغدا لە گفتوگۆکردندا دەستکراوەتردەبن."

ئەمڕۆ سێشەممە، کاتع ئەلرکاب ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، بابەتی خاڵە سنورییەکان کێشەیەکی سەرەکی نێوان هەرێم و بەغدایە، دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم ئامادەیە نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان رادەستی بەغدا بکات، بەڵام حکومەتی ناوەند لەو بابەتەدا تێبینی هەیە و یەکێکە لە هۆکاری دواکەوتنی رێککەوتنەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم ئامادەی نیشانداوە تەواوی نەوتەکەی رادەستی حکومەتی ناوەند بکات و لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، شاندێکی دیکەی هەرێم دەگەڕێتەوە بەغدا و بەردەوامی بە گفتوگۆکان دەدەن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پێمان وایە ئەو شاندەی ئەم جارە دەگەڕێنەوە بەغدا لە گفتوگۆکردندا دەستکراوەتردەبن."

هاوکات، ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا لە زاری سەرچاوەیەک لە شاندەکەی هەرێم و بەغدا رایگەیاند، هۆکاری دواخستنی گەڕانەوەی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا، ئەوەیە کە حکومەتی ناوەند پێداچونەوەی بۆ دۆسیەی نەوت و پاکێجی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی تەواو نەکردووە.

باسی لەوەشکرد، هۆکاری نەگەیشتنە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا، ماوەی رێککەوتن و رێژەی ئەو پارەیەیە کە هەرێم داوای دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیار وابوو ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە، لە ٢٥ی مانگی رابردووشدا، دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدا، شاندی ھەرێم بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر دۆسیەی نەوت و بودجە گەڕایەوە هەولێر.