سەردێڕ:

وردەکاریی هۆکاری دواخستنی سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی هەرێم بۆ بەغدا

فۆتۆ: 
2020-07-07

26455 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بەغدا لە وردبینیکردن بۆ هەردوو کەیسی مەلەفی نەوت و پاکێجی پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم تەواونەبووە، سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا دواخراوە.

ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، چەند سەرچاوەیەک لە شاندەکەی هەرێم و بەغداوە بە ئێن ئاڕ تی یان رایانگەیاندووە، سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دواخراوە و هۆکاری دواخستنەکەشی ئەوەیە کە، بەغدا لە وردبینیکردن بۆ ئەو دوو کەیسەی حکومەتی هەرێم خستوویەتییە بەردەستییان تەواونەبووە، کە بریتییە لە هەریەک لە مەلەفی نەوت و پاکێجی پرسی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم"، دەشڵێت، "تا ئێستا دیارنییە کە چ ڕۆژێک شاندەکەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەن و هەرکاتێک بەغدا لەو وردبینییانە تەواو بوو، ئەو کاتە وەڵامی شاندەکەی هەرێم دەدرێتەوە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکاتەوە."

ئەوەشی خستەڕوو، "گرنگترین خاڵی ناکۆک کە وادەکات ئەو سەردانە دوابکەوێت دوو پرسی سەرەکییە، کە ئەوانیش بریتییە لە ماوەی رێککەوتنەکە و ڕێژەی ئەو پارەیەیە کە هەرێم داوای دەکات، کە خاڵی دووەمیان بە سەرەکیترین هۆکاری نەگەیشتنە رێککەوتن دادەنرێت."

باسی لەوەشکرد، "بەغدا داوای تەواوی داهاتی هەرێم دەکات بە داهاتی نەوتی و داهاتی جگە لە نەوتیش، لە بەرامبەر ٥٥٠ ملیار دیناری مانگانەدا، بەڵام هەرێم دوو بژاردەی داوەتە دەستیان و دەیەوێت نیوەی داهاتی ناوخۆ و نیوەی خاڵە سنورییەکان و تەواوی داهاتی نەوت بەرامبەر ٦٥٠ ملیار بێت، یان کۆی ئەو داهاتانە بەرامبەر ٩٠٠ ملیار دینار بێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڕیار وابوو ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە، لە ٢٥ی مانگی رابردووشدا، دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدا، شاندی ھەرێم بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر دۆسیەی نەوت و بودجە گەڕایەوە هەولێر.