سەردێڕ:

دەوڵەتی یاسا هەڵوێستی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-07

1620 جار خوێندراوەتەوە

سەركردەیەک لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق رایگەیاند، كە سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نەدرێت و دەشڵێت، "یاسای هەڵبژاردنەكان پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە."

سەعد موتەلیبی سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "وێرای ئەوەی بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە هەوڵدەدرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، بەڵام سەرجەم هێزە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نەدرێت، هەرچەند بە ئاشكرا ئەوەیان رانەگەیاندووە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامنادرێت، تا ئەو كاتەی فراكسیۆنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران سوربن لەسەر پەسەند نەكردنی یاسای دادگای فیدراڵ، هەر كاتێك یاسای دادگای فیدراڵ پەسەندكرا، ئەوا دووبارە دەسەڵاتی یاسایی دەدرێتەوە بە دادگاكە بۆ ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پەسەندبكات."

باسی لەوەشکرد، "یاسای هەڵبژاردنەكان، پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە و پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەكان كۆببنەوە بۆ ئەوەی یەكەكانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و چۆنیەتی دابەشكردنی كورسییەكان دیاریبكەن."

پێشتر حسێن هینداوی راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەڵبژاردنەكان رایگەیاندبوو، حكومەت ئامادەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدات، بەڵام بەو مەرجەی دەنگدان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران تەواوبكرێت.