سەردێڕ:

یەکەم کاردانەوەی کازمی دوای کوشتنی هاشمی

فۆتۆ: 
2020-07-07

9323 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، کازمی بە بڕیارێک فەرماندەی فیرقەی یەکی پۆلیسی ئیتیحادی لە ناوچەی کوژرانی هشام هاشمی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و لیژنەیەکی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنا.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لەدوای ئەوەی هشام هاشمی چاودێری سیاسی و پسپۆڕی ئەمنی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە بەغدا تیرۆرکرا، بە بڕیارێکی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد قاسم فەرماندەی فیرقەی یەکی پۆلیسی ئیتیحادی لە پۆستەکەی لابرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزارەتی هەواڵگیری و لێکۆڵینەوە ئیتیحادییەکان و بە بەشداربوونی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگیری و بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەغدا، لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوی کوژرانی هشام دەکرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، جێنین هێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، "کوشتنی غافڵگیرانەی دکتۆر هیشام هاشمی توشی راچڵەکینی کردم، ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم کارە قێزەونە ترسنۆکانەیه‌ دەکەین، سەره‌خۆشی گەرممان بۆ خانەوادە و خۆشەویستانی هه‌یه، داوا لە حکومەتیش دەکەم بەزووترین کات ئەنجامدەرانی بدۆزێته‌وه‌ و پەلکێشی دادگایان بكات."

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هشام هاشمی چاودێری سیاسی و پسپۆڕی ئەمنی، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەناوچەی (زەیونە)ی بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تیرۆرکرا.