سەردێڕ:

سبەی شاندی ھەرێم سەردانى بەغدا دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-06

1990 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پارتی لە عێراق ڕایگەیاند، بەمەبەستى درێژەدان بە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، سبەی شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات، دەشڵێت، "ھەرێم جددیە لەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن".

ھەندرێن دۆسکی پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی حیزبەکەى ڕاگەیاندووە، "سبەینێ شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکەن بۆ درێژەدان بە دانوستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی ھەرێم جدییە لەوەی بگەنە ڕێککەوتن،" دەشڵێت، "لەلایەن عێراقیشەوە خواست ھەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێم و ھیچ لەمپەرێکی گەورە نەماوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ھەندێ وردەکاریی تەکنیکی دەربارەی چارەسەرکردنی پرسەکان ماون، ئەگەر ئەوانەش چارەسەربکرێن ئەوە بێگومان ڕێککەوتن ئەنجامدەدرێت، کە خۆم گەشبینم بەوەی دەگەنە ئەنجامێکی باش."

باسی لەوەشکرد، "عێراق خۆی ھەندێ کێشەی بۆ پەیدابووە ئەو کێشانە ئاستەنگن لەبەردەم ڕێککەوتنەکەی ھەرێم و بەغدا، لەوانە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و ئەو گۆڕانکارییانەی مستەفا کازمی دەیەوێ بیانکات، واتە عێراق خۆی کێشەی ھەیە."

لە ماوەی رابردوودا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی نێوانیان، چەند جارێک شاندی هەرێم بە مەبەستی گفتوگۆ سەردانی بەغدای کرد و پێشتریش حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە هەتا نەگەن بە رێککەوتنی کۆتایی هیچ بڕەپارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نانێرن.