سەردێڕ:

حەسەن کەعبی: تاقیکردنەوەی سیستمی موشەکی پاتریۆت لە بەغدا قبوڵنەکراوە

فۆتۆ: 
2020-07-05

11982 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، تاقیکردنەوەی سیستمی موشەکی پاتریۆت لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە بەغدا قبوڵنەکراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکیدا حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "پێویستە حکومەت هەنگاوی توند بۆ وەستانی ئەو جوڵە و چالاکیانەی بگرێتەبەر کە دەبێتە هۆی ئیستیفزازکردنی هەستی رۆڵەکانی گەلی عێراق"، دەشڵێت، "ئەو هەنگاوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کارێکی قبوڵنەکراوە و روبەڕوبوونەوەیەکی دیکەیە دژ بە وڵات و دەچێتە چوارچێوەی ئیستیفزازکردن و جوڵە ناشەرعییەکانی ئەمریکاوە لە عێراقدا.

حەسەن کەعبی جەختی لەوەشکردووەتەوە، تەقەکردن بە بیانووی تاقیکردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێچەوانەی یاساکانی نێودەوڵەتی و بنەماکانی دیپلۆماتییە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندبوو، هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی موشەک و تەقەمەنی و لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە سیستمی بەرگریی موشەکی پاتریۆتی لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا تاقیکردووەتەوە.

هاوکات، تا ئێستاش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و سوپای عێراق هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لەبارەی ئەو هەنگاوە ئەمنییەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاونەکردووەتەوە.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەند جارێک بە موشەک هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، بەشێک لە موشەکەکانیش لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا کەوتنە خوارەوە.