سەردێڕ:

بانکی ناوەندیی عێراق: موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەران دابیندەکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-02

49008 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی داراییدا، لە هەوڵدان بۆ ئامادەکردنی موچەی سێ مانگی داهاتووی فەرمانبەران و بۆ ئەوەش، رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ دەرهێنانی نزیکەی هەشت ترلیۆن دیناری دیکە.

ئیحسان شەمران، بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، کە لە رۆژی چوارشەممەی پێشووەوە چوار ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دیناریان خستووەتە سەر هەژماری بانکەکان و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا موچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران دابەشدەکرێت.

دەشڵێت، "بەمەبەستی دابینکردنی موچەی سێ مانگی داهاتوو، لەگەڵ وەزارەتی داراییدا لە هەوڵدان بۆ دەرهێنانی هەشت ترلیۆن دیناری دیکە.

راشیگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی داراییدا خەریکی بەستنی چەند بۆندێک و دانانی کۆمەڵێک رێکارن کە دەستی وەزارەتەکە واڵادەکات لە دابینکردنی موچەی مانگەکانی تەمموز، ئاب و ئەیلولی داهاتوو.

باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندیی عێراق لە هاوکاریکردنی وەزارەتی داراییدایە بۆ ئەنجامدانی ئەو رێکارانەی وادەکات حکومەت بتوانێت بۆ ماوەی ١٠ ساڵ قەرز وەربگرێت و موچەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ئەنجامدانی کۆمەڵێک چاکسازیی لەلایەن حکومەتەوە، دۆخی داراییش باشتر دەبێت و ئەو فشارەی لەسەریانە نامێنێت.

دوێنێش، عەدنان زورفی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گۆڕینەوەی دراو هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیران بووە و ئەو دەنگۆیانەشی باس لە دواکەوتنی موچە دەکەن راست نین.