سەردێڕ:

هێڵی گواستنەوەی غازی ئێران بۆ تورکیا کەوتەوەکار

فۆتۆ: 
2020-07-02

2899 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر تەقاندنەوەی هێڵی گواستنەوەی غازی سروشتی ئێران بۆ تورکیا، هێڵەکە چاککراوەتەوە و دەست بە هەناردەی غاز کراوەتەوە.

کۆمپانیای نیشتمانی غازی ئێران رایگەیاند، دوای چاککردنەوەی هێڵی گواستنەوەی غازی وڵاتەکەی بۆ تورکیا، دەست بە هەناردەی غازکراوەتەوە.

رۆژی ٣١ ی ئاداری ئەمساڵ کچە گەریلایەکی پەکەکە لە ناو خاکی تورکیا و لە نزیک دەروازەی سنوری بازرگان بە ئۆتۆمبێلێک خۆی بە سەربازانی تورک و هێڵی گواستنەوەی غازدا تەقاندبوەوە.

مانگی رابردوو بێژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، تورکیا کەمتەرخەمە لە چاککردنەوەی هێڵی گواستنەوەی غازی نیوانیان.

تورکیا گەورەترین کڕیاری غازی سروشتی ئێرانە و ساڵی رابردوو حەوت ملیار و ٧٣٥ ملیۆن مەتری چوار گۆشە غازی لەو ولاتەوە هاوردە کردبوو.

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشیوەی ساڵی ٢٠١٩ هەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ تورکیا بە رێژەی لەسەدا ١٥ کەمی کردبوو.