سەردێڕ:

پرۆژەیەکی هاوبەشی ئەڵمانی ئەمریکی هەواڵێکی 'دڵخۆشکەری' لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆناوە راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-02

26620 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی و فایزەری ئەمریکی ئەنجامی قۆناغی تاقیکردنەوەی پرۆژەی ڤاکسینە هاوبەشەکەیان لەسەر مرۆڤ بڵاوکردەوە و تێیدا، باس لە سەرکەوتنی سەرەتایی دەکەن.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، ڤاکسینە هاوبەشەکەی کۆمپانیای بایۆنتێکی ئەڵمانی و فایزەری ئەمریکی بە BNT162b1 ناونراوە و لە قۆناغی تاقیکردنەوەیدا لەسەر مرۆڤ، زۆرترین رێژەی دژە تەنی نامۆی لە جەستەی توشبووانی کۆرۆنادا بەرهەمهێناوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ڤاکسینەکە لە رێگەی RNA، دژە تەنی نامۆی تایبەت بە لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ناو خانەکانی لەشی مرۆڤ دەگوازێتەوە و لە تاقیکردنەوەیەکیشدا لەسەر ٤٥ نەخۆش، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەندروستی زۆربەی کەسەکان بەرەو باشتربوون چووە.

باس لەوەشکراوە، ئەگەرچی ئەوە تەنیا ئەنجامی سەرەتایی ڤاکسینەکەیە، بەڵام چاوەڕێدەکرێت لە ئێستادا سیستمی بەرگری ئەو نەخۆشانە بە تەواوی ڤایرۆسەکە بناسنەوە و لەناوی ببەن. هاوکات، زانایانی کۆمپانیا ئەڵمانی و ئەمریکیەکە رایانگەیاندووە، کە بە زووی ئەنجامی نوێی کاریگەربوونی چارەسەرەکەیان بۆ کۆرۆنا بڵاودەکەنەوە.

تاوەکو ئێستا ١٩ ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتوونەتە قۆناغی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ و لە هەندێک وڵاتیشدا، قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ تەواو بووە و بەرەو قۆناغی سێیەم و کۆتایی دەچن.

ئەگەرچی بەشێوەیەکی ئاسایی ڤاکسینی هەر جۆرە ڤایرۆسێک ١٢ تاوەکو ١٨ مانگ دەخایەنێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن، بەهۆی ئەو هەوڵە بە کۆمەڵەی وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوا دەشێت زووتر بەردەست دەبێت.