سەردێڕ:

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای سزاخستنە سەر بەشێکی بانکەکانی پەسەندکرد

فۆتۆ: 
2020-07-02

3201 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە سزا خستنە سەر ئەو بانکانەی کار لەگەڵ بەرپرسانی چین دەکەن پەسەندکرد.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە سزا خستنە سەر ئەو بانکانەی کاریان لەگەڵ بەرپرسانی چینی کردووە، پەسەند کرد، کە پڕۆژەیاساکە تەواوی ئەو بانکانە دەگرێتەوە کە کار دەکەن لەگەڵ ئەو بەرپرسە چینیانەی پشتیوانیان لە یاسای ئاسایشی نیشتمانیی دژبە هەرێمی هۆنگ کۆنگ کردووە.

پڕۆژەیاساکە لەلایەن برات شێرمان ئەندامی پارتی دیموکرات پێشکەشکرابوو و لەلایەن ئەندامانی پارتی کۆماری و پارتی دیموکرات پشتیوانی تەواوی لێکرا، هاوکات، تیایدا کاردانەوە بەرامبەر پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ئاسایشی نیشتمانیی دژبە هەرێمی هۆنگ کۆنگ لەلایەن حکومەتی پەکینەوە نیشاندراوە.

برات شێرمان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر روونیکردووەتەوە، "پێویستە بە تاوانی ئەنجامدانی خۆپیشاندان سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر هیچ کەسێکدا نەسەپێندرێت، لەئێستادا خەڵکی هۆنگ کۆنگ بەهۆی نیگەرانییان لە ئاسایشی هەرێمەکەیان هەوڵدەدەن بۆ وڵاتانی دیکە هەڵبێن، پێویستە ئێمەش پشتیوانی ئەم هەوڵە شەرعییانەیان بکەین و وا لە چین بکەین باجی ئەم کارەی بدات".

پڕۆژەیاساکە دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندکرا، دەچێتە ئەنجومەنی پیران و ئەگەر لەوێش پەسەندبکرێت، دەخرێتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ تا واژووی کۆتایی لەسەر بکات.

هەفتەی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردبووەوە، حکومەتی پەکین لەڕێی پڕۆژەیاسای ئاسایشی نیشتمانیی قەوارەی هۆنگ کۆنگی وەک هەرێمێک پێشێل کردووە، ئەوەیشی ئاشکرا کردبوو قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزەی ئەمریکایان خستووەتە سەر چەند بەرپرسێکی چین و خێزانەکانیان کە پشتیوانی پڕۆژەیاساکەیان کردووە.

کۆنگرەی نیشتمانیی گەلی چین لە ٢٨ی ئایاری رابردوودا پڕۆژەیاسای ئاسایشی نیشتمانیی پەسەند کرد کە بڕیارە لە هەرێمی هۆنگ کۆنگ جێبەجێبکرێت، بەپێی پڕۆژەیاساکە ئەنجامدانی هەر جۆرە خۆپیشاندان و چالاکییەک کە ببێتە مەترسی لەسەر حکومەتی ناوەندی چین قەدەغەیە.