سەردێڕ:

کەشناسی عێراق: هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە

فۆتۆ: 
2020-07-02

14141 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی گەرما لە هیندستانەوە، لە هەفتەی داهاتوودا پلەکانی گەرمای تەواوی ناوچەکانی عێراق بەرزدەبنەوە.

 کەشناسی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بارستە شەپۆلێکی هەوای گەرم لە خاکی هیندستانەوە هەڵدەکات، کە دەگاتە کەنداوی عەرەبی شێی تەڕی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت و هەفتەی داهاتوو سەرجەم ناوچەکانی عێراق پێی کاریگەر دەبن و پلەکانی گەرماش بەرزدەبنەوە.

راشیگەیاند، کاریگەری شەپۆلە گەرماکە، بە تایبەتی لە رۆژانی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوودا دەردەکەوێت و پلەکانی گەرما دەگەنە سەرو ٥٠ پلەی سەدییەوەوە و لەدوای رۆژی دووشەممەش، کاریگەری شەپۆلەکە نامێنێت و پلەکانی گەرما دادەبەزنەوە بۆ ئاستی پێشوویان.

باسی لەوەشکردووە، شەپۆلەکە بە شەپۆلی "رەشەبای هیندی" ناسراوە و کاریگەرییەکانی هەر سێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە رەشەبای هیندی هەموو ساڵێک لە سەرەتای مانگی نیساندا لە خاکی ئەو وڵاتەوە دەستپێدەکات و زۆربەی زۆری وڵاتە عەرەبییەکان دەگرێتەوە و دواتر، لە مانگی تشرینی دووەمدا بە تەواوی کاریگەرییەکەی لەناودەچێت.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرمیش لەم دوو رۆژەدا، بە نزیکەیی لە دەوروبەری ٤٠ پلەدا دەبێت.