سەردێڕ:

كۆمپانیای كیا مۆتۆرز پلەی یەكەمی كەرتی ئۆتۆمبێڵی بەدەستهێنا

فۆتۆ: 
2020-07-02

5150 جار خوێندراوەتەوە

لەمیانی توێژینەوەی كوالێتییە یەكەمەكاندا (IQS) لە ئەمەریكا، کۆمپانیای كیا مۆتۆرز بۆ ساڵی شەشەم لەسەر یەك پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

لە "توێژینەوەی كوالێتییە یەكەمەكان" (IQS) لە ئەمەریكا، كە لە كۆمپانیای "جەی دی پاوەر" (JD Power) دەردەچێت، دوای ئەوەی تەنیا ١٣٦ كێشەیان لە ١٠٠ ئۆتۆمبێڵدا ڕاگەیاند، كیا بۆ ساڵی شەشەم لەسەر یەك پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لە نێوان سەرجەم هێما جۆاروجۆرەکانی ئۆتۆمبێڵ كە لە بازاڕدا هەن، لەو بارەیەوە دیڤ سارجێنت، جێگری سەرۆكی "جەی دی پاوەر" بۆ كاروباری كوالێتی ئۆتۆمبێڵ، بە "كاروانێكی ڕیزپەڕ و بێ وێنە" وەسفی دەكات.

بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لەلایەن "کیا"وە بە بەردەوامی لە توێژینەوەی كوالێتییە یەكەمەكاندا، بەشێوەیەكی بنەڕەتی بۆ هەردوو ئۆتۆمبێڵی فۆرت (یان سیراتۆ) و سوڵ دەگەڕێتەوە.

لەو بارەیەوە شون یوون، سەرۆكی كیا مۆتۆرز لە ئەمەریكای باكور و سەرۆكی جێبەجێكار لە كیا مۆتۆرزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕایگەیاند، "شەرەفێكی گەورەیە كە بۆ ساڵی شەشەم لەسەر یەك پلەی یەكەمی كەرتەكانی ئۆتۆمبێڵ لە توێژینەوەی جەی دی پاوەری ئەمەریكی بۆ كوالێتیی یەكەمەكان بەدەست دێنین و لە لوتكەی هێما بازرگانییەكانی ئەم بازاڕە فراوانە دەبین، ئەمە ئەو ئەركەشمان دەخاتەسەر كە دەبێت لە هەوڵەكانمان بەردەوامبین و هەموو هەوڵێك بدەین بۆ ئەوەی ببینە باشترین."

یوون ئاماژەی بەوەشکردووە، "باشترین پلە و براوەبوونی چوار ئۆتۆمبێڵ لە جۆرەكانی خۆیان و چوار ئۆتۆمبێلی دیكەش یەكێك لە سێ پلە یەكەمینەكانی جۆری خۆیان بەدەستهێناوە."

ڕاپۆرتی ساڵانە، پشت بە شیكردنەوەی وەڵامەكانی ٨٧ هەزار و ٢٨٢ توێژەر، تایبەت بە ١٨٩ ئۆتۆمبێڵ و لەمیانەی ٢٦ جۆر دەبەستێت، هەڵسەنگاندنی ئۆتۆمبێڵەكانیش لەسەر چەند بنەمایەك دەبن، لەوانە، ئەزموونی لێخوڕین، ئەدای بزوێنەر و گێڕ و كۆمەڵێك كێشەی پەیوەست بە كوالێتیی ئۆتۆمبێڵەكان و ئەو كێشانەی خاوەن ئۆتۆمبێڵەكان باسی دەكەنەوە.

كۆمپانیای كیا مۆتۆرز، لە ساڵی ١٩٤٤ دامەزراوە، كۆمپانیای دروستكردنی ئۆتۆمبێڵە و ساڵانە ٣ ملیۆن ئۆتۆمبێڵ لە ١٩٠ وڵات دەفرۆشێت، لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر لە ٥٢ هەزار كارمەند كاریتێدادەكەن.

بەتێكڕایی چەند جۆرێكی ئۆتۆمبێڵەكانی كیا لەڕووی ئەداوە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە، لەوانەش، فۆرت: ئۆتۆمبێڵە تێكچەقیوەكان Compact Car، سیدۆنا (مینیڤان Minivan)، سۆرێنتۆ (وەرزشیی فرەمەبەستی مامناوەندی بەرز Upper Midsize SUV)، سوڵ (وەرزشیی فرەمەبەستی بچووك Small SUV).