سەردێڕ:

وردەکاریی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و بەغدا

فۆتۆ: 
2020-07-02

54258 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکانی چەند ڕۆژی رابردوودا ئامادەیی دەربڕیوە لەبەرامبەر کۆی داهاتی نەوت و نیوەی داهاتی گومرگ و ناوخۆی بڕی ٥٥٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام شاندی هەرێم داوایکردووە، بەغدا بڕی ٦٥٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "شاندی عێراق لە دوا کۆبوونەوەیاندا بەڕوونی بە شاندی هەرێمیان راگەیاندووە، ئەوان لەبەرامبەر کۆی داهاتی نەوت و نیوەی داهاتی گومرگ و ناوخۆ، ئامادەن بڕی ٥٥٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرن"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرێم ئەو بڕە پارەیەی رەتکردووەتەوە و داوا دەکات لەبەرامبەر ئەو داواکاریانەدا عێراق بڕی ٦٥٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت."

باسی لەوەشکرد، "لە سەردانی پێشوویاندا شاندی هەرێم دوو راپۆرتیان لەبارەی نەوت و موچەوە رادەستی بەغدا کردووە و لە ئێستادا تیمە تەکنیکییەکانی عێراق وردبینی بۆ راپۆرتەکانی هەرێم دەکەن."

ئەوەشی خستەڕوو، "شاندی هەرێم چاوەڕوانی وەڵامی بەغدا دەکات تاوەکو دووبارە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا."

٢٥ی مانگی رابردوو، دوای سێ رۆژ مانەوە لە بەغدا، شاندی ھەرێم بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسەر دۆسیەی نەوت و بودجە گەڕایەوە هەولێر.

ئومێد محەمەد، بەغدا