سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. کونەماسی بە فڕۆکە بۆردوومان کرا و دوو کەس شەهیدبوون

فۆتۆ: 
2020-06-25

170258 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا خەڵکی ناوچەکە سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون و ژمارەیەک گەشتیاریش لە کەپرەکانی نزیک ئاوی رووباری کونەماسی بوون، دەنگی بۆردومانکردنی ئۆتۆمبێلێک لەسەر پردی نزیک گوندەکە هەمووانی شۆک کرد.

فڕۆکەکە ئۆتۆمبێلێکی بە موشەک کردووەتە ئامانج لە جۆری تیۆتا هایلۆکس کە بە دەبڵ کابینە ناسراوە، بە وتەی شایەتحاڵەکانیش دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کوژراون.

شایەتحاڵەکان باس لەوەشدەکەن کە شەش کەسی دیکە لە بۆردومانەکەدا برینداربوون کە چوار کەسیان ئەندامی خێزانێکن و پێکهاتوون لە پیاوێک کە دووکانداربووە لەنزیک پردەکە و هاوسەرەکەیی و دوو منداڵی.

بەهۆی ڕووداوەکەشەوە بەشێکی زۆری شاخی نزیک ڕووبارەکە سوتا و کارەبای گوندەکەش پچڕا، دوای ڕووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگری شارستانی چوونە شوێنەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد.

قایمقامی قەزای شارباژێڕیش ڕایگەیاند، فڕۆکەکە نەناسراوبووە و لێکۆڵینەوەکانیان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

ناوچەی کونەماسی سەر بە قەزای شارباژێڕە و ٣٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە و ١٧٠ کیلۆمەتریش لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە.

لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی رابردوودا فڕۆکەیەکی جەنگی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان لە گوندی سەفرەی سەر بە قەزای ماوەت کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە دوو گەریلای یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سێ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون.