سەردێڕ:

نیشانەکانی ئالوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

فۆتۆ: 
2020-06-24

7210 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی ژیانی رۆژانەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بەڵام بەردەوام شارەزایان هۆشداریدەدەن لەوەی کە ئەم گرنگییەی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەدەین لە کۆتاییدا بە نەرێنی بەسەرماندا دەشكێتەوە.

زاناکانی ئەڵمانیا ئاماژە بەوەدەکەن، بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوانەیە لەدەستدەربچێت و بگاتە ئاستی ئالوودەبوون، بە تایبەت لەنێو گەنجان و هەرزەکاراندا. ئاماژە بەوەشکراوە، هۆکارەکانی ئالوودەبوون پێیانەوە تاکو ئێستاش بە تەواوی نەزانراوە، بەڵام بەگشتی زاناکان پێیانوایە، کێشەی خێزانی و بێنازی و هەستکردن بە کەمی وادەکەن مرۆڤ خۆی نوقمی ژیانێکی خەیاڵی بکات، کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.

هاوکات، سەبارەت بە نیشانەکانی ئالوودەبوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەڵێن، "ئەگەر کەسەکە لەگەڵ هەستان لەخەودا دەستی بۆ مۆبایلەکەی درێژکرد تاکو تەماشایەکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکات و شەوانیش بەدەم بەکارهێنانیانەوە بخەوێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە مانای ئالوودەبوونن، جگە لەمەش بەکارهێنانی زیاد لە پێویست و کۆنترۆڵنەکراو نیشانەی زەقی توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکەن."

ئەوەش خراوەتەڕوو، نیشانەیەکی دیاری ئالوودەبوون بریتییە لەوەی کاتێک کەسەکە دەستی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناگات، میزاجی تێکدەچێت و خێرا هەڵدەچێت، رەفتاری دوژمنکارانە دەنوێنێت و ترس و دڵەڕاوکێی توشدەبێت.

باس لەوەشکراوە، زیانی ئەم ئالوودەبوونە خۆی لە تێکچوونی سیستمی خەو و زیادبوونی کێش و تێکچوونی شێوەی جەستە و خەمۆکیدا دەبینێتەوە.

هەرکاتێک دایکان و باوکان هەستیانکرد منداڵەکانیان ئالوودەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون، پێویستە نیشانی پسپۆڕێکی دەروونییان بدەن.