سەردێڕ:

ئەپڵ چەند تایبەتمەندییەکی نوێ بۆ ئایفۆن زیاددەکات

فۆتۆ: 
2020-06-23

9533 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، لەمساڵدا ئای ئۆ ئێسی ١٤ بڵاودەکاتەوە و بەکارهێنەرانی هەریەک لە ئایفۆن و ئایپاد دەتوانن لێی سودمەند ببن. دەشڵێت، "بە زووی بەکارهێنەران دەتوانن ئایفۆنەکانیان وەکو سویچی ئوتومبێلەکانیان بەکاربهێنن."

لە کۆنفرانسی جیهانی پەرەپێدەرانی بواری تەکنۆلۆژیادا، کۆمپانیای ئەپڵ چەند تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ بەرهەمەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، سیستمی ئای ئۆ ئێسی ١٣ی بۆ بەرهەمەکانی زیادکرد و بەهۆیەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێی بۆ ئایفۆن و ئایپاد زیادکردبوو، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشە لە سیستمەکەدا، چەندینجار دووبارە رێکیانخستووەتەوە. راشیگەیاند، لەمساڵدا ئای ئۆ ئێسی ١٤ بڵاودەکەینەوە و بەکارهێنەران دەتوانن بە شێوەی خۆڕایی بۆ ئامێرەکانیانی زیادبکەن. دەشڵێت، "ئای ئۆ ئێسی ١٤ تایبەتمەندی جیاواز و پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت."

کۆمپانیای ئەپڵ باسی لەوەشکرد، بە نیازە جۆرێک لە تایبەتمەندی بۆ ئای ئۆ ئێسی ١٣ و ١٤ش زیادبکات کە بەهۆیەوە بەکارهێنەران دەتوانن ئایفۆنەکانی وەکو سویچی ئوتومبێلەکانیان بەکاربهێنن و بۆ ئەوەش، بی ئێم دەبلیو ٢٠٢١ یەکەم ئوتومبێل دەبێت کە پشتگیری ئەو سیستمە دەکات.

هاوکات، کۆمپانیای ئەپڵ بەنیازە لە زنجیرە تایبەتمەندییەکانی داهاتوویدا، ئەپڵیکەیشنێکی جێگیر بۆ وەرگێڕان دروستبکات و تێیدا، تەنانەت بەبێ ئینتەرنێتیش، بتوانێت تا ١١ زمانی جیاواز بە نوسین و قسەکردن وەرگێڕان بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، کۆمپانیای ئەپڵ باسی لەوەکردووە، لە وەشانەکانی داهاتوویدا، تایبەتمەندییەک زیاددەکات کە تێیدا، بەکارهێنەر دەتوانێت نیوەی ئەپڵیکەیشنی پێویست داونلۆدبکات و هاوکات، دەتوانێت رێگریش لە زانینی شوێنەکەی (Location) بکات بەوەی بە نزیکەیی ناونیشانەکەی بە کەسانی دیکە دەگەیەنێت، نەک بە وردی و بە تەواوی.

کۆمپانیای ئەپڵ، کۆمپانیایەکی بواری تەکنۆلۆژیای ئامێرەکانی پەیوەندییە و یەکەم کۆمپانیای ئەمریکی بوو کە داهاتەکەی یەک ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاند.