سەردێڕ:

چی دەبێت ئەگەر هەموو ڤایرۆسەکان لەناوبچن؟

فۆتۆ: 
2020-06-20

5304 جار خوێندراوەتەوە

ڤایرۆسەکان، وا دێنەبەرچاو کە بارێکی قورسی سەر شانی کۆمەڵگاکان و مایەی ئازاری مرۆڤایەتی بن، بە درێژایی مێژوو، ڤایرۆسەکان ژیانی ژمارەیەکی بێسنور لە بونەوەران و مرۆڤەکانیان لەناوبردووە، لە مێژووی نزیکی تۆمارکراویشدا و لە ساڵی ١٩١٨دا، ڤایرۆسی ناسراو بە پەتای ئیسپانی بووەهۆی گیانلەدەستدانی ٥٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن خەڵکی سەر زەوی و بە درێژایی سەدەی رابردووش، رەنگە بووبێتەهۆی گیانلەدەستدانی تاوەکو ١٠٠ ملیۆن کەسی دیکەش.

ئێستا کە ڤایرۆسی ناسراو بە (پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا-١٩) لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، دەبێت بزانین کە ئەوە دەستپێکی زنجیرەیەکی بێکۆتاییە لە سەرهەڵدانی ئەو جۆرە ڤایرۆسە و رەنگە بۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵ جۆری مرۆڤدا بژین و بمێننەوە.

بەڵام ئایا چی دەبێت ئەگەر رۆژێک هەستین و ببینین کە هیچ ڤایرۆسێک لە جیهانەکەماندا نەماوە؟

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، کە لەوبارەیەوە، دکتۆر تۆنی گۆڵدبێرگ، شارەزای بواری پەتاناسی لە زانکۆی ویسکۆنسن مادیسن رایگەیاندووە، "ئەگەر کتوپڕ، هەموو ڤایرۆسەکان دیارنەمێنن، ئەوا جیهان دەبێتە جێگایەکی زۆر خۆش و سەرنجڕاکێش، بەڵام تەنیا بۆ ماوەی نزیکەی رۆژ و نیوێک، پاشان هەمومان گیانلەدەستدەدەین."

راشیگەیاندووە، "سەرەڕای ئەو شتانەی بە بۆچوونی ئێمەی مرۆڤ خراپن، بەڵام لە راستیدا ڤایرۆسەکان هەموو شتە بنچینەییەکانی ژیان بەڕێوەدەبەن."

هاوکات، دکتۆر سوزانا لۆپێز، ڤایرۆسناس لە زانکۆی مەکسیکۆ باسی لەوەکردووە، "زۆرینەی رەهای ڤایرۆسەکان دژە مرۆڤ نین و هیچ زیانێکیان نییە، بەڵکو رۆڵێکی گەورەش لە ئیکۆسیستمی سەرزەوی دەگێڕێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لە ژینگەیەکی هاوسەنگی تەواودا دەژین و ڤایرۆسەکانیش بەشێکن لێی و بەبێ ئەوان ئێمەش کۆتاییمان پێدێت."

بەپێی ناوەندە ڤایرۆسناسییەکان، ژمارەیەکی بێسنور لە ڤایرۆسەکان لەناو ئیکۆسیستمەکەی ئێمەدا هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا، توانیومانە تەنیا لیکۆڵینەوە لە نزیکەی پێنج هەزار دانەیان بکەین و بیانناسین.

ئەمەش لەکاتێکدایە، زۆرێک لە خەڵکی ئاگایان لە سودی ڤایرۆسەکان نییە لە بازنەی ژیانماندا و بە تەنیا بیر لەو ئازارانەی خۆیان دەکەنەوە کە بەشێکی زۆر کەم لە ڤایرۆسەکان بوونەتە هۆکاری.