سەردێڕ:

وێنە.. هۆتێلێك لە عەرەبانەی شەمەندەفەری کۆن دروستکراوە

فۆتۆ: 
2020-06-19

4205 جار خوێندراوەتەوە

لە پارکی "کرۆگەر"ی نیشتیمانی لە باشووری ئەفریقا، کاربەدەستان بڕیاری ئەوەیانداوە کە سوود لە هەموو ئەو شتانە وەربگرن کە لە وڵاتەکەدا بەردەستە بە مەبەستی راکێشانی گەورەترین ژمارەی گەشتیاران، بۆ ئەم مەبەستەش شەمەندەفەرێکی کۆن کراوە بە هۆتێلێکی گرانبەها.

لە هەواڵێکدا کە ماڵپەڕی "روسیا تودەی" ئاماژەی بەوەکردوە، بەرزترین پرد لەم ناوچەیەدا ناوی "سکۆکۆزا"یە کە دەکەوێتە پارکی نیشتیمانییەوە، کاربەدەستانی باشووری ئەفریقا عەرەبانەکانی شەمەندەفەرێك کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو گۆڕویانە بۆ ژووری هۆتێلێکی گرانبەها کە وا بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢١دا بکرێتەوە.

ئەم شەمەندەفەرە لە ١٣ عەرەبانە پێكدێت، کە تەواویی عەرەبانەکان گۆڕدراون بۆ ژووری هۆتێلی، نەك تەنها ئەمە بەڵکو حەوت ژووری دیکە لە نزیك شەمەندەفەرەکەوە دروستکراوە کە هەموویان هۆتێڵێك پێكدەهێنن کە ناوی "کرۆگەر شالاتی"یە.

پردەکە بەرزییەکەی دەگات بە ١٥ مەتر و دەکەوێتە سەر رووباری "سابی"، هۆتێلەکە گۆڕەپانێکی حەوانەوەشی تێدایە کە دەکەوێتە عەرەبانەیەکی ناوەکییەوە لەناو شەمەندەفەرەکەدا، هەروەها مەلەوانگە و شوێنی نانخواردنی تێدایە.

تێچووی مانەوەی یەك شەو لە ژوورێکی ئەم هۆتێلەدا ٤٨٥ دۆلارە، و ئەم هۆتێلە میوانداری ئەو منداڵانە ناکات کە تەمەنیان لە ١٢ ساڵ کەمترە.