سەردێڕ:

سوودەکانی خواردنی سیر بەشێوەیەکی رۆژانە

فۆتۆ: 
2020-06-19

10237 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی بواری خواردن لە روسیا ئاشکرایکردووە خواردنی سیر بەشێوەیەکی هاوسەنگ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر تەندروستی دڵ و دەمارەکان دەبێت و کرداری هەرس باشتر دەکات و سیستمی بەرگری بەهێزدەکات.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی "روسیا تودەی" ئاماژەی بەوەکردووە، سفیتلانا فۆس پسپۆڕی بواری خواردن وتوویەتی، سیر بڕێکی زۆر لە ماددە خۆراکییە بەسوودەکانی تێدایە بۆ تەندروستی لەوانەش پێکهاتەی ئەلیسین کە پێکهاتەیەکی کیبریتییە و لەکاتی تێكشکانی میکانیکی خانەکانی سیردا دەردەدرێت، ماددەیەکی دژە بەکتیریایی و دژە هەوکردنە و گرنگە بۆ تەندروستیی.

دەڵێت: "سیری تازە و کوڵاو جیاوازیان هەیە، چونکە بەرکەوتنی بە پلەی گەرمی وادەکات پێكهاتەکانی بگۆڕێت، ئەمەش پەیوەندی بە ماوەی بەرکەوتنی بە پلەی گەرمییەوە هەیە، تا زیاتر بەر پلەی گەرمی بکەوێت، سوودەکانی لەدەست دەدات، بۆیە باشتروایە بە تازەیی بخورێت، چونکە ماددەی ئەلیسین تەنها لە سیردا هەیە".

ئاماژەی بەوەشداوە، تەنانەت سیری تازەش ئەگەری هەیە تایبەتمەندییەکانی لەدەستبدات بەهۆی بەرکەوتنی بە ئۆکسجین، بۆیە باشتروایە بۆئەوەی پارێزگاریی لە پێكهاتەکانی بکرێت بەر لە بەکارهێنانی راستەوخۆ لەتبکرێت یان وردبکرێت.

هەروەها ئەم پسپۆڕە رێنمایی بەوەداوە کە ١٥ گرام سیر لە رۆژێکدا بخورێت بەمەبەستی باشترکردنی کاری کۆئەندامی هەرس و دڵ و دەمارەکان، بەڵام هەموو کەسێك نابێت بە بڕێکی زۆر بیخوات، چونکە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، بۆیە دەبێت بەبڕی هاوسەنگ بخورێت.