سەردێڕ:

گەردوونناسان ئەستێرەیەکی دەگمەنیان ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-06-18

4852 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی بواری گەردوونناسی رایانگەیاند، تێبینی ئەستێرەیەکی دەگمەنیان کردووە کە ١٦ هەزار ساڵی تیشکی دوورە لە زەوییەوە و تا ئێستا نزیکەی ٣٠ ئەستێرەی دیکە لەو جۆرە ئەستێرەیە ئاشکراکراوە.

ئاژانسی ناسا بڵاویکردەوە، یەکەمجار ئەستێرەکە لە کۆتاییەکانی ئازاری رابردوودا لەلایەن بنکەی چاودێری نێیڵ گریل سویفتی سەر بە ناساوە تێبینیکراوە و دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتووە کە تەمەنی ئەستێرەکە تەنیا ٢٤٠ ساڵە.

باس لەوەشکراوە، ئەستێرەکە نیوترۆنییە، بەڵام بە هێزێکی بێسنوری موگناتیسیەوە و ئەنجامی تەقینەوەی دایکە ئەستێرەیەکی زۆر گەورەتر و کۆنترە. هاوکات، زانایان ناوی ئەستێرەکەیان ناوە "Swift G 1818.0-1607".

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەستێرەکە بڕێکی زۆر لە هێز و ئینێرژییە و هەر ئەوەشە وایکردووە لە دووری ١٦ هەزار ساڵی تیشکییەوە بتوانرێت ببینرێت.

لەگەڵ ئەوەی لە گەردوونی هەستپێکراودا، تێبینی دەیان هەزار ئەستێرە کراوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا سێ هەزار ئەستێرەی نیوترۆنی ئاشکراکراون کە لەوانەش تەنیا ٣١یان ئەستێرەی نیوترۆنی موگناتیسین.

چاوەڕواندەکرێت "Swift G 1818.0-1607" هاوکاری زانایان بکات لە ئاشکراکردنی تایبەتمەندییەکانی ئەستێرەی نیوترۆنی موگناتیسی.