سەردێڕ:

زانایان: ئەگەری ٣٦ شارستانیەتی هۆشمەندی دیکە لە گەلەئەستێرەکەماندا هەیە

فۆتۆ: 
2020-06-16

15190 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی بواری گەردوونناسی رایانگەیاند، بەپێی لێکدانەوەکانیان، ئەگەری هەبوونی ٣٦ شارستانیەتی هۆشمەندی دیکە لە گەلەئەستێرەکەماندا (رێگای شیری) هەیە و ئەوەش، بیرۆکەی هەبوونی شارستانیەتی هۆشمەندی دیکەی جگە لە زەوی، گەورەتر دەکات.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوەیەکی گەردوونناسی لە جۆرناڵی میتافیزیک بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، کە بەپێی هەڵسەنگاندنێکی نوێ، هاتنەکایەی هەر شارستانیەتێکی هۆشمەند نزیکەی پێنج ملیار ساڵی پێویستە و بەوەش، لەناو گەلەئەستێرەکەی ئێمەدا، ئەگەری هەبوونی دەیان شارستانیەتی هۆشمەند بوونی هەیە.

هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لەبەرئەوەی لەناو گەلەئەستێرەکەماندا دەیان خۆر هەن کە هەمان یاخود زیاتر لەو تایبەتمەندییانەیان هەیە کە خۆرە ناسراوەکەی زەوی هەیەتی، ئەوا ئەگەری هەیە بووبێتنە هۆکاری دروستبوون و هاتنەکایەی ژیان لەسەر دەیان هەسارەی دیکەی شیاو بۆ ژیان.

باس لەوەشکراوە، ئەو خۆرانەی کە رێژەی کانزاکانیان زۆرترە، هەر وەک خۆری خۆمان، ئەگەرێکی زۆرتری هەیە کە هەسارەیەکی گونجاوی بۆ ژیان هێنابێتە کایەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی کانزاکان زۆر گرنگن بۆ پێکهێنانی ئەو مۆڵیکیولە جیاوازانەی کە هەسارەی گونجاو بۆ ژیان پێکدەهێنن.

بە گوێرەی لێکدانەوەکانی لێکۆڵینەوەکە، ئەگەری ئەوە هەیە کە نزیکەی ٣٦ شارستانیەتی هۆشمەند کە بتوانن پەیوەندی بکەن پێکەوە، لەناو گەلەئەستێرەکەماندا هەیە.

هاوکات، ئاماژە بەوەشکراوە، کێشەی ئەم بابەتە لەوەدایە، کە بە رێژەیەکی ناوەندی دووریی نێوان هەر هەسارەیەکی گونجاو بۆ ژیان نزیکەی حەڤدە هەزار ساڵی تیشکییە و بەوەش، پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە لە نێوان ئەو شارستانیەتانەدا، شتێکی زۆر سەخت دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تاکە سەرچاوەی زانینی هەبوونی شارستانیەتی دیکە لە گەردونەکەماندا بریتییە لە وەڵامدانەوەی ئەو تیشکە رادیۆییانەی کە مرۆڤایەتی نزیکەی ١٠٠ ساڵە رەوانەی بۆشایی ئاسمان و گەردوونی دەکات.