سەردێڕ:

زانایانی بەریتانیا چارەسەرێکی هەرزانیان بۆ کۆرۆنا ئاشکراکرد

فۆتۆ: 
2020-06-16

21965 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی بەریتانی باس لە جۆرە دەرمانێکی هەرزان دەکەن کە دەتوانێت کاریگەری باش لەسەر توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دابنێت و ژیانیان بپارێزێت.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، کە زانایانی بەریتانی رایانگەیاندووە، دەرمانی ستیرۆید دێکسامیزاسۆن کە تێکەڵەیەکی کیمیاییە و بۆ هەوکردنی بەشە جیاوازەکانی جەستە بەکاردێت، گرنگییەکی زۆری لە چارەسەرکردنی توشبووانی کۆرۆنادا هەیە و کاریگەری ئەرێنیی نیشانداوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەرمانی ستیرۆید دێکسامیزاسۆن یەکێکە لەو دەرمانانەی کە لە تەواوی جیهاندا لەژێر تاقیکردنەوەدایە بۆ بەکارهێنانی لە چارەسەری توشبووانی کۆرۆنادا. باس لەوەشکراوە، زانایانی بەریتانی لەبارەی دەرمانەکەوە دەڵێن، "بە رێژەی یەک لەسەر سێ توشبووانی ئاسایی و بە رێژەی یەک لەسەر پێنجیش، ئەو توشبووانەی پێویستیان بە ئۆکسجینە، لە مردن دووردەخاتەوە."

ئەوەش هاتووە، تایبەتمەندییەکی گرنگی دەرمانەکە هەرزانییەکەیەتی و بۆ چارەسەری هەر توشبوویەکی کۆرۆنا، تەنیا نزیکەی شەش دۆلار (هەشت هەزار دیناری عێراقی) تێدەچێت.

ماوەی چەند مانگێکە، ڤایرۆسێک کە پێشتر تێبینی نەکراوە و لە خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و بە کۆڤید-١٩ ناسێندراوە، بڵاوبووەتەوە. ڤایرۆسەکە تا ئێستا زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا توشکردووە و هاوکات، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر ٤٤٠ هەزار کەسی دیکە.