سەردێڕ:

ئەو رەفتارانەی زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنن

فۆتۆ: 
2020-06-09

7108 جار خوێندراوەتەوە

گورچیلە رۆڵیكی گرنگی هەیە بۆ پارێزگاری كردن لەتەندروستی مرۆڤ ، گورچیلە وەك پاكەرەوەی لەش وایە و ئەركی بریتیە لەپاڵاوتنی خوێن و جەستە لەماددە زیانبەخشەكان و فرێدانی لەرێگەی میزەوە و چەند ئەركێكی گرنگی دیكەی هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بە چەند رەفتارێكی رۆژانە کردووە كە زیان بە گورچیلە دەگەیەنن و پێویستە لێیان دووربكەوینەوە، بەم جۆرە:

دواخستنی میزكردن: بەتاڵ نەكردنی میزەڵدان بەتەواوی و راگرتنی میزكردن یەكێكە لەو رەفتارەی رۆژانە ئەنجامی دەدەین و زیان بەگورچیلە دەگەیەنێت ، چونكە كاتێك میز لەمیزەڵدان دەمێنێتەوە ئەوا یارمەتی زیادبوونی بەكتریا و هەوكردنی بۆرییەكانی میز و گورچیلە دەدات.

بەكارهێنانی ئازارشكێن: بەكارهێنانی بۆماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بەئەندامەكانی جەستە وەك گورچیلە ، چونكە ئازارشكێن رۆیشتنی خوێن بۆ گورچیلە كەمدەكاتەوە و هەندێك لەكارەكانی هەڵدەپەسێرێت.

جگەرەكێشان: بەهۆكارێكی تووشبوون بەنەخۆشیەكانی گورچیلە دادەنرێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی  پەستانی خوێن و لێدانی دڵ و كەمبوونەوەی رۆیشتنی خوێن بۆ ناو گورچیلە.

نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو: رۆژانە جەستە پێویستی بەبرێكی زۆر ئاو هەیە و بەداخەوە پشتگوێ خستنی ئەمە وادەكات زیانی خراپ لەسەر گورچیلەكان دروست بێت و ماددە ژەهراوی و زیانبەخشەكان لەگورچیلە و لەشدا كۆببنەوە.

كەم خەوی: خەوتن بۆ كەمتر لە6 سەعات لەشەوێكدا مەترسیدارە بۆ تەندروستی جەستە و گورچیلە و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و جەڵتەكان.

زۆر خواردنی كافین: ئەم ماددەیە كاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و رۆڵی هەیە لەبەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و دروستبوونی بەردی گورچیلە و زیادبوونی ریژەی كالیسیۆم لەمیز.

زۆر خواردنی خوێ: بەكارهێنانی برێكی زۆر خوێ بە بەردەوامی دەبیتە هۆی زیان گەیاندن بەتەندروستی گورچیلە و لەش بەشێوەیەكی گشتی، چونكە كاتێك رێژەی خوێ بەرزبوو ئەوا گورچیلە دەبێت زیاتركاربكات و  كوالیتی كارەكەی دادەبەزێت و ئەوەش دەبێتە هۆی هیلاكبوونی و كۆبونەوەی شلەمەنی لەناو لەش.