سەردێڕ:

هەرێم.. ماوەی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان درێژکرایەوە

فۆتۆ: 
2020-05-27

65113 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، ماوەی قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان تاوەکو ١٥ی حوزەیران درێژکراوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، "راگرتنی قەدەغەی نێوان پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان تا ١٥ی حوزەیران بەردەوام دەبێت"، دەشڵێت، "ئەو هاوڵاتیانەی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق یان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە دەگەڕێنەوە، دەبێت لەسەر ئەرکی خۆیان بۆماوەی ٤٨ کاتژمێر کەرەنتین بکرێن، تا دەرچونی دەرئەنجامی پشکنینەکانیان".

ئاماژە بەوەشكراوە، "پێویستە لە فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمدا ڕەچاوی رێکارەکانی خۆپاراستن بکرێت و دەمامک بەکاربهێندرێت".

لە ١٤ی ئازارەوە قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمدا جێبەجێدەکرێت و لە ١٢ی نیسانیشەوە بە هەنگاو ژیانی هاوڵاتیان ئاسایی کرایەوە، لە ١٨ی ئەم مانگەشدا وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژندا بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەریەککەوتنی هاوڵاتیان قەدەغەی هاتوچۆی تەواو دەبێت.