فۆتۆ:
2020-05-27
1641 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی دهستهی گهشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، 'لە نەورۆزی ساڵی رابردوودا ٢٤٩ ھەزار گەشتیار هاتنه ههرێمی كوردستان، بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا رێژەی هاتنی گەشتیاران سفر بووە.
نادر روستی وتهبێژی دهستهی گهشتوگوزاری ههرێمی كوردستان رایگەیاند، ''یەکێک لە زەرەرمەندترین کەرتەکان لەسەر ئاستی جیھان بههۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه کەرتی گەشتیاریی بووە، چونکە پێش ھەموو شتێک شوێنە گەشتیارییەکان داخران و دوا شوێنیش دەبن کە دەکرێنەوە، وەک دەبینین کارگەکان و کێڵگەکان کەوتوونەتەوە سەرکار و کەرتی بازرگانییش ھەروەک خۆی بوو، تاکە کەرت کە زیانی پێگەیشتبێت کەرتی گەشتیارییە".
لهباره هاتنی گهشتیاران بۆ ههرێمی كوردستان بهراورد به ساڵی رابردوو ئاماژەی بەوەکرد، ''لە ساڵی رابردوو، سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لە پلانماندا بوو، ئەمساڵ رێژەکە بۆ چوار ملیۆن گەشتیار بەرزبکەینەوە، بەڵام ئێستا داتایەکی وا نییە کە بزانین ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران چۆن بووە، بەڵام دەتوانین نموونەیەک وەرگرین و بڵێین کە لە میانی نەورۆزی ساڵی رابردوودا، ٢٤٩ ھەزار گەشتیار هاتنه ههرێمی كوردستان، بەڵام لە نەورۆزی ئەمساڵدا رێژەکە سفر بوو".
لهبارهی قهرهبووكردنهوهی شوێنه گهشتیارییهكان ئەوەی خستەڕوو، ''ئێمە ناتوانین قەرەبوویان بکەینەوە، چونکە تەنها شوێنەکان زیانیان بەرنەکەوتووە بەڵکو دەیان خێزان و ھاوڵاتی و تەنانەت حکومەتیش زیانی بەرکەوتووە، ئەمە پێویستی بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران ھەیە، بەڵام پێشبینی ناکەم قەرەبوو ھەبێت، چونکە حکومەت خۆی لە قەیراندایە".
راشیگەیاند، ''بەردەوام لە کۆبوونەوەداین، سەرقاڵی ئەوەین کە بتوانین چۆن کەرتی گەشتیاریی ببووژێنینهوه، یەکێک له ئهولهویهتی پلانهكهمان بوژانەوەی گوندەکانە، خەڵکێکی زۆر حەزی لە سروشت و گوندەکانە و دەمانەوێت لە رێگای کەرتی گەشتیارییەوە گوندەکان ببووژێنینەوە".
پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا، سەرجەم سنورەکان داخران و تەنیا رێگە بە گەشتە بازرگانییەکان دەدرێت.