سەردێڕ:

وەزارەتی خوێندنی باڵا: خوێندکاران تاقیکردنەوەی کۆتایی ناکەن

فۆتۆ: 
2020-05-26

42368 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە فەرمی بڕیارەکانی لەبارەی کۆتایی هێنان بە خوێندنی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا حکومی و تایبەتییەکاندا، خوێندکاران تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەنجامنادەن و نمرەی تێرمی یەکەمیان بۆ هەژماردەکرێت.

دەقی بڕیارەکان:

بڕگەی یەكەم: ئەو زانكۆیانەی كە پەیڕەوی بۆڵۆنیا پرۆسێس دەكەن بەم شێوەیەی خوارەوە بڕیاردرا:

١-ئەژماركردنی هەموو ئەو كریدیتانەی كە خوێندراوە و تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

٢-ئەو كریدیتانەی كە نەخوێندراوە ئەوا دابەشدەكرێت بەسەر سیمیستەرەكانی داهاتوو لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١) و لە سیمیستەرەكانی ساڵانی داهاتوو دەخوێندرێت، چونكە بە گوێرەی سیستمی بۆڵۆنیا ئەم جۆرە گۆڕانكاریانە ڕێگەپێدراوە بە پێی بنەماكانی كۆكردنەوەی كریدیت.

بڕگەی دووەم: سیستەمی ساڵانە و سیستەمی كۆرسات: بەم شێوەی خوارەوە جێبەجێدەكرێت:

١-هەموو بەشەكان (زانستییەكان و مرۆڤایەتییەكان) ئەنجامی تێرمی یەكەمیان بۆ ئەژمار دەكرێت بۆ مەبەستی دەرچوون یان دەرنەچوونی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

٢-ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە لە ئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرنەچوون یاخود تاقیكردنەوەیان نەكردوە، ئەوا زانكۆكان لە ڕێگەی ڕاپۆرتی زانستی یاخود هەر میكانیزمێكی تری گونجاو هەڵسەنگاندن ئەنجامدەدەن، بەبێ ئەوەی قوتابیان و خوێندكاران بگەڕێنەوە نێوكامپەسی زانكۆكان.

٣-ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە بەئەنجامەكانی تێرمی یەكەم دەرچوون ئەوا سەرپشكن كە دووبارە بەشداربن لەو هەڵسەنگاندنەی كە بە ڕاپۆرت و میكانیزمەكانی تر ئەنجامدەدرێت، ئەگەر خوێندكارێك بیەوێت نمرەكانی بەرزبكاتەوە لە پێناو پاراستنی كێبڕكێی زانستی.

٤-سەبارەت بە توێژینەوەی دەرچوونی قۆناغە كۆتاییەكان ئەوا نمرەكان دابەشدەكرێت لە نێوان مامۆستای سەرپەرشتیار و یەك مامۆستای تری هاوپسپۆر كە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەكە ئەنجام ئەدات.

٥-سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی قۆناغی كۆتایی كۆلیجەكانی پزیشكی گشتی و پزیشكی ددان ئەوا دەنێردرێنە ناو نەخۆشخانەكان بۆ تەواوكردنی لایەنی پراكتیكی وانەكانیان و دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامدەدرێت لەبری تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠).

بڕگەی سێیەم: بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەی سەرەوە دەسەڵات ئەدرێت بە زانكوكان بۆ دارشتنی وردەكاری جێبەجێكردن لەپێناو ڕەچاوكردن و پاراستنی جیاوازی و تایبەتمەندێتی نێوان زانكۆكان.

بڕگەی چوارەم: زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش ئەم بڕیارانەی سەرەوە جێبەجێدەكەن.

بڕگەی پێنجەم: سەبارەت بە قوتابیان و خوێندكارانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دكتۆرا ئەوا بەپێی بڕیارەكانی پێشوو و پرۆگرامی خوێندنی خۆیان بەردەوامدەبن.

بەهۆی رێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ٢٦ی شوباتی رابردووەوە، دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێم، لە ناویاندا زانکۆ و پەیمانگاکان راگیراون.