سەردێڕ:

بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لەلایەن خامنەییەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-05-25

33994 جار خوێندراوەتەوە

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، لە وێبسایتی تایبەت بە خۆیدا وێنەیەکی گرافیکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا، وێنەی سەرکردەی ئەو لایەنە شیعانەی تێدایە کە وەکو هاوپەیمانی وڵاتەکەی دەخوێندرێنەوە، بەڵام وێنەی سەرکردە شیعەکانی عێراقی تێدانییە.

لە وێنەکەدا، حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵای لوبنان، ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی حەماسی فەلەستین و چەند سەرکردەیەکی دیکەی شیعەی وڵاتان لە ریزی پێشەوەدان.

هاوکات، ئیسماعیل قائانی بەرپرسی نوێی سوپای قودسی ئێران و بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لە ریزی دووەم و سێیەمدا دەبینرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا، وێنەی قاسم سولەیمانی بەرپرسی پێشووی سوپای قودسی ئێران کە لە مانگی ١ی ئەمساڵدا، لەلایەن ئەمریکاوە کرایە ئامانج و کوژرا، لە شێوەی هەور لە سەرو مزگەوتی قودسەوە دەبینرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، خەڵکیی سەرنجی ئەوەیانداوە، کە وێنەی سەرکردە شیعەکانی عێراق، بە تایبەتی ئەبومەهدی موهەندیس، کە لەگەڵ خودی قاسم سولەیمانیدا کوژرا، تێدانییە.

هەر لە وێنەکەدا، بە زمانی عەرەبی نوسراوە، "لە قودس نوێژ دەکەین". هاوکات، بە زمای فارسیش نوسراوە، "بە پشتیوانی خودا، ئێوەی گەنجان لە ماڵی پیرۆز (قودس) نوێژ دەکەن."