سەردێڕ:

هاتوچۆی هەرێم: لە ئەمڕۆوە ڕێگە بە هاتوچۆی بەشێک لە کاسبکاران دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-05-25

22684 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە ئاسانکاری بۆ بەشێک لە کاسبکاران دەکرێت تا لەڕێگەی ئۆتومبێلەکانیانەوە هاتوچۆبکەن.

ئەسعەد مەلا کەریم، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەمڕۆ دووەم رۆژی جەژنەوە، ئاسانکاری بۆ بەشێک لە کاسبکاران دەکرێت تا لەڕێگەی ئۆتومبێلەکانیانەوە هاتوچۆ بکەن.

وتیشی، جوتیاران و کارمەندانی نانەواخانە و سەمونخانەکان، لە کاتی چوون و گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان، رێگای هاتوچۆکردنیان پێدەدرێت.

باسی لەوەشکرد، ئەم رێکارانە هەتا دواین شەوی جەژنی رەمەزان کاریان پێدەکرێت.

لەبارەی ئاماری سەرپێچییەکانی شۆفێران لە رۆژانی جەژن وتی، "تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمیمان لانییە و لەدوای جەژن رایدەگەیەنین."

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لەو کەسانەی رێگایان پێدراوە، هەرکەسێکی دیکە هەوڵی شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بدات، لێپرسینەوەی لێدەکرێت و سزادەدرێت.

ئەم روونکردنەوەیەی وتەبێژی هاتوچۆی هەرێمیش دوای ئەوە دێت، لە ١٨ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی راگەیاند و بڕیاریدا هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانیش رابگیرێت.

محەمەد عامر، هەولێر