سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: لیژنەی لامەرکەزی بە یاسا پێمان نەناسێنراوە تا زانیاریی بدەینێ

فۆتۆ: 
2020-05-22

40330 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لیژنەی لامەرکەزی بەپێی یاسا بە وەزارەتەکەیان نەناسێنراوە، تاوەکو ھاوکاری پێویستی بکات و زانیاری بداتێ. دەشڵێت، "بۆ پێدانی زانیاریی، پێویستە نوسراو ئاڕاستەی وەزارەتمان بکرێت و پەرلەمانیش، کە بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێرییە، هەر نوسراومان بۆ دەکات."

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەم چەند خاڵەی خوارەوە کردووە:

یەکەم: لیژنەی لامەرکەزی بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی نەناسێنراوە، تاوەکو ھاوکاری پێویستی بکات و زانیاری بداتێ.

دووم: بەپێی یاسا، خەزێنەکان و بانکی ناوەندی ھەرێم ناتوانن ھیچ زانیارییەک بدەن بەھیچ لایەنێک،  چونکە بەپێی یاسای پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان  ژمارە (٣) ساڵی ٢٠٠٩ ھەموارکراو پاڵپشت بە بڕگەکانی  مادەی شەش، پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتمان بکرێت و ھەماھەنگی دروست بکرێت، تەنانەت پەرلەمانی کوردستان کە بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێرییە بەھەمان ڕێسا کاردەکات، واتە ئەبوایە ئەنجومەنی پارێزگا بەھەمان ئاڕاستە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بکرێت (بەڕێز بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی ) ئەم روونکردنەوەی بۆ لیژنە بەڕێزەکەتان داوە کە داواکاریەکەتان داوایەکی نایاساییە).

سێیەم: جێگای سەرسوڕمانە کە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادارنەبێت کە تەواوی زانیاری لەسەر داھات و خەرجی لە خەزێنەکان و بانکی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی) نییە و خەزێنەکان تەنھا ئاگاداری خەرجییە مەڵبەندییەکانن و زانیاری ورد و دروستیان لانیە.

چوارەم: پرسی لامەرکەزی لە دووتوێی بەرنامەی حکومەتدایە کە ھی ھەموو لایەنەکانە، بەتایبەت سێ لایەنی پێکھێنەری حکومەت، بۆیە نە داھێنانێکی نوێیە و لیژنەی باڵای جێبەجێکاری بەرنامەکەش ئەنجومەنی وەزیرانە، واتە ھەرسێ لایەنی سەرەکی پێکھێنەری حکومەت.

پێنجەم: ئەنجومەنە بەڕێزەکانی ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک گەواھی ئەوە ئەدەن کە وەزیری دارایی و ئابوری داکۆکیکارێکی سەرسەختی پرەنسیپی لامەرکەزیە و ھەر لە سەرەتاوە لە کارە لە پێشینەیەکانییەتی.

پێشتر، رێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم رێگریکردووە لە بەڕێوەبەری گەنجینەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی داتا و زانیاری داھات بە لیژنەی لامەرکەزیەت بدات.