سەردێڕ:

لێبوردنی نێودەوڵەتی: لە نزیکەوە چاودێری دۆخی دەستگیرکراوانی دهۆک دەکەین

فۆتۆ: 
2020-05-22

2859 جار خوێندراوەتەوە

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، چاودێری دۆخی ئەو هاوڵاتیانەی شاری دهۆک دەکەن کە توندوتیژییان بەرامبەرکراوە و دەستگیرکراون. دەشڵێت، لە ٢٦ی ئەم مانگەوە، ١٦٧ کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ هەینی، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، ئەوان بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ئەو هاوڵاتی و مامۆستایانەی شاری دهۆک دەکەن کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە توندوتیژیان بەرامبەرکراوە و دەستگیرکراون.

دەشڵێت، لە ٢٦ی ئەم مانگەوە، ١٦٧ کەس بە تۆمەتی خۆپیشاندکردن بەبێ مۆڵەت لە دهۆک دەستگیرکراون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی بەدەل بەرواری، سەرپەرشتیاری گروپی "کوا پاشەکەوت؟" کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە لە یەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراوە، رایگەیاندووە، بەپێی زانیارییەکانی ئەوان، بەدەل بەرواری تا ئێستا هەر ئەو جل و بەرگانەی لەبەرایە کە لە یەکەم رۆژی دەستگیرکردنیدا لەبەریدا بووە و رێگە نەدراوە تەنانەت سەردانیشی بکرێت.

دوانیوەڕۆی ١٦ی ئەم مانگە، لە رێکارێکی توندی ئەمنیدا و بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی موچەکانیان، خۆپیشاندانی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی شاری دهۆک دەستیپێکرد و ئاڵۆزیشی لێکەوتەوە.