سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی هەرێم: هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی داراییمان نییە

فۆتۆ: 
2020-05-22

12769 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت دۆخی دارایی هەرێمیان سەخت کردووە. دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە."

ئەمشەو هەینی، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، بەشێکی زۆری ئەم دۆخە سەختە ئابورییەی ئێستا، ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە.

وتیشی، "ڕاستکردنەوەی ئەم هەموو چەوتییە و دامەزراندنی بنەمای ئابورییەکی سەقامگیرتر، کاتی زیاتر و هاوکاریی هەموولایەکی پێویستە."

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە، بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتەکانی پێشووی عێراق، هەربۆیەشە بەداخەوە حکومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە."

ئەوەشی وت، کاتێک داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوو، زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و دانەوەی قەرزەکان خەرجکراوە و ئەوەی بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها تەنیا ٣٨٣ ملیۆن دۆلاریش وەک بەشەبودجەیەک لە بەغدا دەهات، بەڵام ئەو پارەیە بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی نەدەکرد."

لەبارەی داهاتی هەرێم لە ئێستادا، مەسرور بارزانی روونیکردەوە، لە مانگی رابردوودا کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت کە بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا ٣٠ ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیکەی ٦٠ ملیۆن دۆلار بووە و ئەو بەشەبودجەیەی لە بەغداش دێت دواکەوت.

لەبارەی دانوستانەکانی ئێستای هەرێم و بەغداشەوە باسی لەوەکرد، ئێستا کە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی موستەفا کازمی دەستبەکار بووە، دووبارە ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان دەردەبڕن، بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی فیدراڵی دانپێدانراو لە دەستووری عێراقدا، دابین بکرێت.

مەسرور بارزانی، لەبارەی سیستمی لامەرکەزیەتیشەوە رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ لامەرکەزیەتی کارگێڕین، بەمەرجێک لە چوارچێوەی پاراستنی قەوارەی هەرێمدا بێت.

بەهۆی راگرتنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە، هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی ئابوری سەختدا تێپەڕدەبێت و حکومەت توانای دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی وەزارەتەکانی خۆی نییە.