سەردێڕ:

گه‌رمیان.. رێکارى نوێی قەدەغەى هاتوچۆی لە ڕۆژانى جەژندا ڕاگەیاندرا

فۆتۆ: 
2020-05-20

6445 جار خوێندراوەتەوە

ئیداره‌ی گه‌رمیان ڕایگەیاند، بۆماوه‌ی ٧٢ كاتژمێر له ‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ‌پیرۆزی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ هاتوچۆ ڕاده‌گیرێت و رێگا نادرێت بە هیچ کەسێک لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمەوە بە ئاڕاستەی گەرمیان هاتوچۆ بکات یان بە پێچەوانەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ ى ئایارى ٢٠٢٠، ئیداره‌ی گه‌رمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوابه‌دوای ڕاگه‌یاندنی به‌یانی ژماره‌ (٣٥)ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بریاردرا بە قەدەغەکردنى هاتوچۆ بۆماوه‌ی ٧٢ كاتژمێر له ‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ هاتوچۆ ڕاده‌گیرێت و پێویسته‌ هاوڵاتیان له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستیی گشتیدا پابه‌ندبن پێیه‌وه‌.

دەقى بڕیارەکان:

١-به‌پێی به‌یانی ژماره‌ ٣٥ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بۆماوه‌ی ٧٢ كاتژمێر له‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی ‌پیرۆزی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ هاتوچۆ ڕاده‌گیڕیت، پێویسته‌ هاوڵاتیان له‌ پێناو پاراستنی ته‌ندروستی گشتیدا پابه‌ند بن پییه‌وه‌.

٢- به‌پێی بڕگه‌ی دووه‌می به‌یانی ژماره‌(٣٥) ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ هاتوچۆی نێوان پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان ڕاده‌گیریت، به‌و پێیه‌ ریگا به ‌هیچ كه‌سێك نادرێت لەپارێزگاکانی دیکەی ھەرێم به‌ئاراسته‌ی گەرمیان ھاتوچۆبکات یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بڕوات.

٣- ڕێگه‌ی نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی كه‌ ریگاكانی (كه‌لارـ جه‌له‌ولا) (كه‌لارـخانه‌قین) (كفری ـ خورماتوو) (كفری ـ جه‌باره‌و قه‌ره‌ته‌په‌) ده‌گرێته‌وه‌ داده‌خریت.

٤- له‌ڕۆژانی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زاندا سه‌رجه‌م بازاڕ و شوێنه‌ گه‌شتیاری و گشتیه‌كان داده‌خرین ڕێگانادریت به‌ گێڕانی پرسه‌و نۆجه‌ژنه‌ و چونه‌ سه‌رقه‌بران، پاركه‌كان و شوێنی یاری منداڵانیش داده‌خرین.

٥- ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان داوا له‌ مامۆستایانی ئاینی به‌ڕیز و‌ موسوڵمانان و نوێژخوێنان ده‌كات له‌ پێناو پاراستنی ئاسایشی ته‌ندروستیی هه‌مولایه‌كدا پابه‌ندبن به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌.

٦- تیمه‌كانی ته‌ندروستیی و ئێشكگرییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ئه‌منی و خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ئه‌ركدا ده‌بن و له‌خزمه‌تی هاوڵاتیانی خۆشه‌ویست دا ده‌بن.

ڕۆژى ١٨ ى ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە قەدەغەی هاتوچۆی تەواو بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکاندا جێبەجێدەکرێت.