سەردێڕ:

بۆچی هەندێک لە باڵەخانەکانی چین ئەم بۆشاییانەیان تێدایە؟

فۆتۆ: 
2020-05-20

69904 جار خوێندراوەتەوە

بێگومان دوورگەی هۆنگ کۆن یەکێکە لە جوانترین شوێنەکانی سەر زەوی لەڕووی تەلارسازییەوە، بەڵام کە باڵەخانەکانیان دەبینیت، بۆشایی گەورە لە ناویاندایە، هۆکاری ئەمە چییە؟

لە هۆنگ کۆنگ خەڵکی بە گشتی بە فەلسەفەیەکی دێرین کاریگەرن، کە پێیدەوترێت "فێنگ شوی" و پەیوەستە بە چۆنیەتی دروستکردنی تەلار و خانوو و شوێنی کەلوپەلەکانی ناویان، ئەمەش لەپێناوی دەستخستنی بەختی باش و دوورخستنەوەی گیانە شەڕەنگێزەکاندا.

چینییەکان پێیانوایە، ئاڕاستە و ڕووگەی تەلارەکان و ڕووگەی چوونەژوورەوەکانیان و شوێنی دانانی کەلوپەلەکانی ناویان ڕۆڵی گەورەی هەیە لە هێنانی بەختی باشدا بۆ خاوەنەکانیان، بە ڕادەیەک ئەم بابەتە گرنگە لەلایان، کە خاوەنی باڵەخانە گەورەکان بودجەیەکی گەورە تەرخان دەکەن بۆ پسپۆڕانی فێنگ شوی، تاکو پێیان بڵێن چۆن تەلارەکانیان دیزاین بکەن.

شارەکە دەکەوێتە نێوان چیا و دەریاوە، بەپێی فەلسەفەکەشیان بێت، باشترین شوێنە بۆ دروستکردنی باڵەخانە چونکە چیاکانی پشتەوە وزەی ئەرێنیی گەورەیان تێدایە، چونکە مۆڵگەی ئەژدیهاکانن.

کاتێکیش ئەژدیهاکان لە چیاکانەوە دێنە خوارەوە بۆ خۆشۆردن یان خواردنەوەی ئاوی دەریاکە، وزە ئەرێنییەکە بە شارەکەدا پەرش دەکەنەوە، بۆشاییەکانی نێو باڵەخانەکانیش بۆ ئەوەن ڕێگریی لە هاتوچۆی ئەژدیهاکان نەکرێت و ژیانێکی پڕ ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی شارەکە دابین بکەن.

ب.ع