سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو دایک و باوکەی دوای ٣٢ ساڵ کوڕە رفێندراوەکەیان دۆزییەوە

فۆتۆ: 
2020-05-19

7995 جار خوێندراوەتەوە

دایک و باوکێکی خەڵکی چین دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨ و لە هۆتێلێکدا کوڕە دوو ساڵانەکەیان دەڕفێندرێت، دوێنێ دووشەممە، لە پاش ٣٢ ساڵ بەیەکتری شادبوونەوە.

میدیاکانی چین بڵاویانکردەوە، باوکی ماو یین (کوڕە دۆزراوەکە) لە ساڵی ١٩٨٨ لە پارێزگای شانژی منداڵەکەی دەبات بۆ کلینیکێکی پزیشکی، لە رێگای گەڕانەوەیدا منداڵە دوو ساڵانەکەی داوای ئاو دەکات بۆ خواردنەوە، باوکیشی لادەداتە هۆتێلێکی ئەو نزیکانە، تاوەکو دەچێتە ژوورەوە و ئاوی بۆ دەهێنێت، دەبینێت منداڵەکەی نەماوە و رفێندراوە.

دایک و باوکی ماو یین رایانگەیاندووە، بۆ ماوەی دەیان ساڵ زۆربەی هەرێم و پارێزگاکانی چین گەڕاون بە شوێن کوڕەکەیاندا، بەڵام هەمیشە بێ هیوادەبوون و نەیاندەدۆزییەوە.

لە مانگی رابردوودا، پۆلیسی پارێزگای سشوانی وڵاتی چین زانیارییان لەبارەی کەسێکەوە پێگەیشت کە منداڵێکی بەخێوکردووە و لە بنچینەدا هاوخوێنی خۆی نییە. ئێستا ئەو منداڵە گەورە بووە و بووەتە ٣٤ ساڵ و لە شارێکدا دەژی کە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر لە شارەکەی دایک و باوکییەوە دوورە.

دواتر، دوای پشکنینی دی ئێن ئەی بۆ ماو یینی ٣٤ ساڵان و بەراوردکردنی بەو دی ئێن ئەیانەی کە دایک و باوکانی منداڵ ونبوو یان رفێندراو لەلای پۆلیس دایدەنێن تا رۆژیک لە رۆژان هەواڵی دۆزینەوەی منداڵەکانیان پێبدەن، دەردەکەوێت ئەو کوڕە ٣٤ ساڵانە هەمان ئەو منداڵەیە کە ٣٢ ساڵ لەمەوبەر لەبەردەم هۆتێلەکەدا رفێندرابوو.

بەخێوکەری منداڵەکە بە میدیاکانی چینی راگەیاندووە، ئەوان ٣٢ ساڵ لەمەوبەر منداڵیان نەدەبوو بۆیە بڕیاریانداوە منداڵی کەسێکی دیکە بەخێوبکەن و ماو یینیان لە کەسێک کڕیوە بە نرخی ٨٤٠ دۆلاری ئەوکاتە.

لە وڵاتی چیندا، ونبوونی منداڵان یاخود فڕاندنیان بابەتێکی گەورەیە و چاودێرانی دۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتەکە بە کێشەیەکی گەورە ناوی دەبەن. بەپێی ماڵپەڕی رێکخراوێکی ئەو وڵاتە کە کار بۆ دۆزینەوەی منداڵە ونبوو و رفێندراوەکان دەکات، لە ئێستادا زیاتر لە ٢٢ هەزار منداڵ بێسەروشوێنن.

The reunited family